وەزارەتى خوێندنى باڵا: کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان بەڕێژەى 25% کەمکرایەوە

‌ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێم


وێستگە نیوز-
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگەیاند، بۆ ساڵى خوێندنى 2019-2020 لە سەرجەم قۆناخەکانى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان کرێى خوێندن بەڕێژەى 25% کەمدەکرێتەوە.

بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، ئارام محمد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتى لەگەڵ سەرۆک و نوێنەرى زانکۆو پەیمانگە تایبەتەکان لە هەرێمى کوردستان، بە ئامادەبوونی ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەتی خوێندنی باڵا کۆبووەوە.

لە وتەیەکیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتی، "لە چوارچێوەى هێڵە گشتییەکانى کارنامەى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان و پلانى وەزارەتەکەمان پێداچونەوە بە کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومى و تایبەتەکان لە ئەولەویاتى کارەکانمان بون، بۆ ئەمەش لە خوێندنى حکومى (پارالێل + ئێواران) کرێى خوێندن لە 45% کەمکرایەوە، لەدواین کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵاش، کە ئەنجومەنەکە باڵاترین دەسەڵاتى بڕیاردرانە، بڕیاردرا کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان بەڕێژەى 25% کەمبکرێتەوە".

وەزیری خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوەشکرد، گرنگى زیاتر بە کوالێتى خوێندن لە زانکۆ تایبەتەکان دەدەن.


PM:04:20:15/10/2019


ئه‌م بابه‌ته 2632 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو