"توركیا ساڵانە نزیكەی 12 ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕى بازرگانی لەڕێگەی ئیبراهیم خەڵیل-ەوە دەكات"



وێستگە نیوز- زانكۆ سەردار

سەرۆكی یەكێتیی هاوردە و هەناردەكارانی كوردستان جەخت لەوە دەكاتەوە، ئەوان پێیان باشە لەئێستادا بایكۆتی مامەڵەی كاڵای توركیا بكرێت و ئاماژە بەوەش دەكات، ئەو بایكۆتە كاریگەری لەسەر وڵاتی توركیا دەكات كە ساڵانە بایی نزیكەی 12 ملیار دۆلار مامەڵە دەكرێت.

شێخ مستەفا شێخ عەبدولرەحمان، سەرۆكی یەكێتیی هاوردە و هەناردەكارانی كوردستان، لەبارەی بایكۆتی مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ توركیا كەلەئێستادا بەهۆی هێرشەكان بۆسەر رۆژئاوای كوردستان بانگەشەی بۆدەكرێت، بۆ (وێستگە نیوز) ئەوەی رونكردەوە، ئەوان لەگەڵ ئەوەدان بایكۆتی مامەڵە بكرێت و باسیلەوەش كرد ئەو بایكۆتە كاریگەرییەكی وەها لەسەر هەرێمی كوردستان دروستناكات، بەڵكو كاریگەری لەسەر وڵاتی توركیا دەبێت.

شێخ مستەفا وتی"هەرێمی كوردستان لەزۆر شوێنی دیكەوە دەتوانێت ئاڵوگۆڕی بازرگانی بكات، بۆیە تائاستێك ئاساییە و كاریگەری نابێت، بەڵام بۆ توركیا كاریگەری خۆی دەبێت چونكە ئەوكات كەمتر هاوردەی كاڵاكانی دەكرێت بۆ هەرێم".

سەرۆكی یەكێتیی هاوردە و هەناردەكارانی كوردستان باسلەوەش دەكات، دەبینین زوڵمێكی گەورە لە كوردانی رۆژئاوا دەكرێت ئەوانی نیگەران كردوە و ئەوەش هۆكارە بۆئەوەی پشتیوان لەبایكۆتی بازرگانی لەگەڵ توركیا بكرێت.

دەشڵێت"دەكرێت بتوانین لەشوێنی دیكەوە ئەو پێداویستیانە دابین بكەین، ئەوەش بۆ ئێمە ئاسانە چونكە ئەوەتا ئێران لێمانەوە نزیكە، تەنانەت شوێنی دیكەی نزیكیش هەیە كە بتوانرێت ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ بكرێت".

ساڵانە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان وڵاتی توركیا و عیراق، كە لەدەروازەی براهیم خەلیلەوە دەكرێت و تاكە سنوری نێوان ئەو دوو وڵاتەشە بۆ ئەو مامەڵەیە، توركیا نزیكەی 12 ملیار دۆلار كاڵا دەنێرێت بۆ عیراق لەڕێگەی هەرێمی كوردستانەوە بە ووتەی شێخ مستەفا.

سەرۆكی یەكێتیی هاوردە و هەناردەكارانی كوردستان وتیشی"ئەو ئاڵوگۆڕەی لە دەروازوەی براهیم خەلیلەوە دەكرێت لەگەڵ توركیا، بۆ هەموو عیراقە، بەڕێژەی50%ی ئەو كاڵایانەی توركیا دەچێت بۆ خواری عیراق، بەڵام وڵاتی ئێران چەند دەروازەیەكی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و عیراق هەیە.

بەهۆی هێرشەكانی توركیاوە بۆسەر رۆژئاوای كوردستان، هەڵمەتێكی فراوان لە باشوری كوردستان بەمەبەستی بایكۆت كردنی مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ توركیا دەستی پێكردوە و تادێت هەڵمەتەكە فراوانتریش دەبێت.


PM:02:45:14/10/2019


ئه‌م بابه‌ته 14040 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو