وێستگه نیوز-
ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتیمانی ئه‌مرۆ دووشه‌ممه، كۆنفرانسێكی كوردستان و ئه‌مه‌ریكای بایكۆت كرد كه ئه‌مرۆ دووشه‌ممه له‌شاری هه‌ولێر ده‌ستی به‌كاره‌كانی كرد.
په‌روین بابه‌كر له‌نامه‌یه‌كدا كه وێنه‌یه‌كی ده‌ست وێستگه نیوز كه‌وتووه‌و به كوردی و ئینگلیزی نوسیویه‌تی كۆنفرانسی "كوردستان و ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا: شه‌ریكی ئاشتی و ده‌وڵه‌مه‌ندبوون" ڕه‌تده‌كاته‌وه كه ئه‌مرۆ به‌ئاماده‌بوونی چه‌ند دیبلۆماتكارێكی ئه‌مه‌ریكی و به‌رپرسانی كورد‌و چه‌ندین میوانی جیهانی له‌هه‌ولێر ده‌ستی به‌كاره‌كانی كرد.
په‌روین بابه‌كر له‌نامه‌كه‌دا ده‌ڵێت "به‌م نامه‌یه ده‌مه‌وێت پێتان رابگه‌ینم كه به داوای لێبوردنه‌وه به‌شدار نابم له كۆنفرانسه‌كه‌تان.
ئێوه كه ناوی كۆنفرانسه‌كه‌تان شه‌ریكی ئاشتی و ده‌وڵه‌مه‌ندبوونه! به‌ڵام به داخه‌وه ئێوه شه‌ریكی تا سه‌ر نین".
له‌نامه‌كه‌دا كه‌ئاراسته‌ی سه‌رپه‌رشتیارانی كۆنفرانسه‌كه‌ی كردووه ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات "له سه‌روه‌ختی رێكخراوی تیرۆرستی داعشدا، كه‌سه‌كانمان له رۆژئاوا له بری هه‌موو دونیا شه‌ڕی دژ به تیرۆریان كرد، كه‌چی ئێستا بێده‌نگن له به‌رانبه‌ر ئه‌و زوڵمه‌ی له رۆژئاوای نیشتیمانه‌كه‌مان ده‌كرێت، له‌و جه‌نگه‌ی ڕۆژئاوایی كوردستان به ته‌نها ده‌ره‌قه‌تی نایات، له ناوه‌راستی مه‌یدانی جه‌نگێكی نابه‌رانبه‌ردا به ته‌نها به‌جێتان هێشتون. ئێوه كه شه‌ریكی ئاشتین بریا له جه‌نگه‌كانیشدا شه‌ریكێكی راسته‌قینه‌مان بوونایه.".
هه‌روه‌ها نوسیویه‌تی "سبه‌ی ڕۆژ كه نیشتیمانه‌كه‌مان به‌هۆی ئه‌م جه‌نگه‌وه به ته‌واوه‌تی داڕوخا، ره‌نگه ببنه شه‌ریكی ده‌وڵه‌مه‌ندبوون، هه‌روه‌ك ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ئاسه‌واری جه‌نگ و ده‌وڵه‌مه‌ند بوون له‌سه‌ر حسابی جه‌نگ زۆر كه‌س تموحی تیایه‌تی".
په‌روین بابه‌كر ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی ده‌ڵێت "به داخه‌وه له‌م كاته‌دا زیاتر به‌دوای كۆنفرانسێكدا ده‌گه‌ڕێین كه هه‌وڵی چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌كانی رۆژئاوای نیشتیمانه‌كه‌مان بدات، كۆنفرانسێك چاره‌سه‌ری رێگریكردن له كوشتن و له ناوبردنی منداڵ و ژن و خه‌ڵكی مه‌ده‌نی كوردستانی پێبێت، كۆنفرانسێك باس له‌وه بكات ئه‌و پاڵه‌وانانه‌ی له پێنج ساڵی رابردوودا داعشیان له ناو برد ئێستا شه‌هید ده‌كرێن".
AM:11:49:14/10/2019
ئه‌م بابه‌ته 16808
جار خوێنراوه‌ته‌وه