كادرێكی پێشكه‌وتوی یه‌كێتی: رێككەوتنی په‌یه‌ده‌ و دیمەشق بەنێوانگریی یەكێتی ئه‌نجامدراوە


وێستگه‌ نیوزـ

كادرێكی پێشكه‌وتوی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان رایگه‌یاند كه‌ لەو رێككەوتنە سەرەتاییەی نێوان پەیەدەو رژێمی سوریادا، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان رۆڵێكی میحوەریی و كاریگەریی بینی، ده‌شڵێت كه‌ نێوانگیریی نێوان پەیەدەو رژێم لەلایەن یەكێتییەوە بووەو دواتر روسەكان لەو نێوانگیرییە ئاگاداركراونەتەوە بۆئەوەی وەك لایەنی گرەنتی نێوان هەردوولا بەشداریی گفتوگۆكان بكەن.

سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر، كادری پێشكه‌وتوی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌ هه‌ژماری خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبوك رایگه‌یاندوه‌: ئەو هەوڵەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان چەند مانگێكە بەردەوامە چونكە زانیاریی و ورد هەبووە كە ئەمریكا لەگەڵ تورك رێكدەكەون و ناوچەكە چۆڵ دەكەن، ئاشكراشیكردوه‌ كه‌ ئەو هەوڵەی یەكێتی لە مۆسكۆ و دیمەشق بووەو چەندین دیداری‌ پێشوەختە سازكراوە، بەڵام پەیەدە بەو پێشنیارەی یەكێتی رازی نەدەبوو، بەوهیوایەی بەڵكو ئەمریكا پشتیان تێ نەكات.

ئه‌و كادره‌ی یه‌كێتی ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌ كه‌ سێ‌ رۆژ پێش ئێستا گفتوگۆكان دەستی پێكردو لەسەر داوای یەكێتی حەمید دەروێش كە بەكۆنترین سیاسەتوانی رۆژئاوا ناسراوە، ئێوارەی دوێنێ‌ لە قامیشلۆ بەرەو دیمەشق بەڕێككەوت و ئەمڕۆ لەگەڵ نوێنەری پەیەدە بەشدارییان لەكۆبونەوە لەگەڵ رژێم بەئامادەبونی روسیا كردو رێككەوتنێكی سەرەتاییان كرد.

سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر رونیكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ بەپێی رێككەوتنەكە سوپای سوریا بەهەماهەنگی لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات و هێزێكی سنورداری روسیا هەموو ئەو ناوچانە كۆنتڕۆڵ دەكەنەوە كە گروپه‌ چه‌كداره‌كان بەهاوكاریی توركیا لەنێوان گرێ سپی و سەرێكانی داگیریان كردبوو، هەروەك ئەو هێزە ئەركی پاراستنی تەواوی سنورەكەی پێ دەسپێردرێت.

حەمید دەروێش تاكە سیاسی و سەرۆكی پارتی دیموكراتی پێشكەوتنخوازی كورد لەسوریا، تاكە كەس بوو پێش داگیركردنی عەفرین لەلایەن رژێمی توركیا داوایكرد خێرا رێككەوتنێك لەگەڵ رژێمی سوریا بەنێوانگیریی و گرەنتی روسیا بكرێت بۆئەوەی بەر لەهاتنی توركان بگیرێت، بەڵام ئەوكاتە میدیای پەیەدەو بەشێك لەمیدیاكانی باشور بەلایەنگری بۆ رژێمی ئەسەد تۆمەتباریان دەكرد، تا دوای لەدەستدانی عەفرین، ئینجا لەو تێگەیشتنە پەشیمان بونەوە.

كادره‌ پێشكه‌وتوه‌كه‌ی یه‌كێتی باسی له‌ روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر كردوه‌ و وه‌ك لێكچواندێك بۆ دۆخی ئێستای سوریا نوسیویه‌تی: "لە 16ی ئۆكتۆبەری دوای شكستی ریفراندۆم، بەهەمانشێوە قسەو باسێكی زۆر لەبارەی مقاوەمەتی پێشمەرگە لەكەركوك هاتەگۆڕێ، میدیای پارتی بەبەردەوام یەكێتیان بەخیانەت تۆمەتبار دەكرد گوایە لەكەركوك پاشەكشەیان كردووە، بەڵام ئێستا دەردەكەوێت ئەگەر لەكەركوك بەرگریی بكرایه‌ بەو هێزە نابەرابەرە، ئەوا شارەكە بەتەواوی وێران دەبوو سەرەنجام هەم كەركوك لەكورد خالی دەبوو، هەرچی كورد هەبوو لەترسی پەلاماری دڕندانەی حەشدی شەعبی و میشلیشیاكانی شیعە رای دەكرد، شارەكەش تەخت و وێران دەبوو وەك لەموسڵ رویدا."

له‌ كۆتایی نوسینه‌كه‌شیدا سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر ئاشكرایكردوه‌ كه‌ بڕیارە دوای كۆنترۆڵكردنی تەواوی سنورەكان و جێگیربونی سوپای سوریا لەو سنورانە، گفتوگۆی نێوان پەیەدەو سوریا دەستپێدەكات لەبارەی ئاییندەی رۆژهەڵاتی فورات و بەشداریكردن كورد لە حوكمڕانی سوریا، هه‌روه‌ك گفتوگۆی نێوان كوردو رژێمی بەعس دەستپێدەكات لەبارەی نوسینەوەی دەستوری نوێی سوریا.


PM:11:41:13/10/2019


ئه‌م بابه‌ته 13864 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت