وەزارەتی ناوخۆ؛ پێنج ڕێنمای بۆ هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل دەردەكات



وێستگە نیوز-
وەزارەتی ناوخۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێنج ڕێنمای نوێی بۆ هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل دەردەكات و جەخت لەوەش دەكاتەوە، پێویستە هەر ئۆتۆمبێلێك كە هاوردەكرا بڕوانامەی (COC) لەگەڵ بێت.

بە پێی نووسراوێك كە واژۆی (ڕێبەر ئەحمەد) وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی لەسەرە و ئەمڕۆ یەكشەممە دەرچووە لەبارەی هاوەردە كردنی ئۆتۆمبێلەوە، بە پێنج خاڵ رێنمای دەداتە شێوازی هاوردە كردن و دەڵێت"پێویستە هەر ئۆتۆمبێلێك هاوردەكراوبێت بڕوانامەی (COC) لەگەڵ بێت و مۆڵەت دەدرێت بە كۆمپانیاكانی پشكنینی ئۆتۆمبێل كە لە دەروازەی سنوورییەكان كار دەكەن، تا 1/11/2019 ئەم بڕگەیە جێبەجێ دەكرێت".

دەقی ڕێنماییەكانی وەزارەتی ناوخۆ:

یەكەم/ وەرگرتنی بەڵێننامە لە كۆمپانیاكانی هێنانی ئۆتۆمبێل بۆ ئەو كەسانەی كە مۆڵەتی هاوردەكردنی ئۆتۆمبێلیان هەیە، سزادانیان بە بڕی 10 ملیۆن دینار بۆ هەر ئۆتۆمبێلێك كە هاوردە بكرێت، بە پێچەوانەی مەرجەكانی بڕگەی 7ی خوارەوە.

دووەم/ بەستنەوەی سەرجەم كۆمپانیاكانی كوالێتیی كۆنترۆڵی دەروازە سنوورییەكان بەیەكەوە بەشێوەیەكی ئەلیكترۆنی بۆ ئاڵوگۆڕكردنی داتاكان بۆ هەموو كەرەستەكان تا بەرواری 31/12/2019.

سێیەم/ نرخی پشكنین وەك ئەو نرخانە دەبێت كە پێشتر وەزارەتی دارایی دەستنیشانی كردوون.

چوارەم/ پێویستە هەر ئۆتۆمبێلێك هاوردەكراوبێت بڕوانامەی (COC) لەگەڵ بێت و مۆڵەت دەدرێت بە كۆمپانیاكانی پشكنینی ئۆتۆمبێل كە لە دەروازەی سنوورییەكان كار دەكەن، تا 1/11/2019 ئەم بڕگەیە جێبەجێ دەكرێت، لەو سنوورانەی كە تا ئێستا كاری پێ ناكرێت.

پێنجەم/ لەكاتی بوونی جیاوازی لە نێوان پشكنینی ئۆتۆمبێل لەلایەن كۆمپانیاكانی پشكنینی كوالێتی لە سنوورەكان و پشكنینی كۆتایی كە لەلایەن لێژنەكانی هاتوچۆوە، دەكرێت بە بڕی پێنج ملیۆن دینار بۆ هەر حاڵەتێك كۆمپانیای پشكنەر سزا بدرێت لەگەڵ گەڕاندنەوەی ئۆتۆمبێلەكە لەو دەروازەی كە لێی هاتووە.


PM:07:50:13/10/2019








ئه‌م بابه‌ته 7232 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت