رۆحانی: بوونی هێزی بیانی لە کەنداو هەڕەشە و مەترسییە بۆ ناوچەکە

‌حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران


وێستگە نیوز-

سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، بوونی هێزی بیانی لە کەنداو دەبێتە مەترسی بۆ ناوچەکە و دەرچە ئاویەکان و هەڕەشە لە ئاسایشی کەشتیەکان و نەوت و وزەی ناوچەکە دەکات.

رۆحانی لەمیانەی وتارێکیدا لە نمایشی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی راشیگەیاند، لە لوتکەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بە دروشمی " هاوپەیمانێتی هیوا، گەرووی هورمز، ئاشتی بۆ هەموو ناوچەکە، ئاشتی لە گەرووی هورمز"دا بەشداری دەکەن.

ئەوەشی وت، " لەبەردەم جیهاندا ئەوە دەخەینە روو کە ئێران بە هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتانی دیکە دەتوانێت وە دەزانێت پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە خەلیجی فارسی و گەرووی هورمز و دەریای عەمان بە هاوبەشی دەتوانرێت بپارێزێت، جەختیش دەکەینەوە کە بوونی هێزی بیانی دەبێتە مەترسی بۆ ناوچەکە و دەرچە ئاویەکانمان هەروەها هەڕەشە لە ئاسایشی کەشتیەکان و نەوت و وزەی ناوچەکە دەکات".

حەسەن رۆحانی، ئاماژەی بەوەش کرد، رێباز و رێگای ئەوان بریتیە لە یەکگرتوویی و هەماهەنگی لەنێوان دەوڵەتانی ناوچەکە بەڵام ئەوانەی دەیانەوێ ئێران بە روودانی هەر رووداوێک لە ناوچەکە تۆمەتباربکەن "درۆکانیان" ئاشکرا دەبێت.

دەشڵێت، "ئەگەر ئەوانە دەیانەوێ ئاسایشی ناوچەکە بپارێزن پێویستە بوەستن لە ناردنی چەک و فڕۆکە و بۆمب بۆ ناوچەکە، پێویستە ناوچەکە وەک مەیدانی کێبرکێی چەک نەبینن، پێویستە لەم ناوچەیە دوور بن ئەگەر بەڕاستی دەیانەوێ ئاسایشی بۆ دابین بکەن، هەمیشە ئەوان نیقمەت و بەڵابوون بۆ ناوچەکە هەتا دوورتر بن دەرفەتی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا زیاتر دەبێت".

سەرۆک کۆماری ئێران، وتیشی، "لەم قۆناغە مێژوویی و هەستیارەدا ئێمە رایدەگەیەنین کە دەستی دۆستایەتی و برایەتی بۆ هەموو  دەوڵەتانی دراوسێمان درێژ دەکەین، تەنانەت ئێمە دەتوانین لە هەڵەکانی پێشوویان خۆش ببین چونکە ئێمە دەزانین ئەمریکا و دەوڵەتە گەورەکان و ئیسرائیل دەیانەوێ ناکۆکیەکانی نێوانمان وەک هەل بقۆزنەو، ئێمە لەسەر ئەوە سورین کە ئاسایشی دوورگەی فارسی و گەرووی هورمز و دەریای عومان  لە ناوخۆوە دەپارێزرێت، هێزە بیانیەکان هۆکاری کێشەن بۆ گەلەکانمان و ناوچەکەمان".


PM:01:03:22/09/2019


ئه‌م بابه‌ته 4696 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت