بەرهەم ساڵح بەشداری كۆبونەوەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات

‌بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری عێراق


وێستگە نیوز-

نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكایەتی كۆمار ڕایدەگەیەنێت، بەرهەم ساڵح بەشداری لە كۆبونەوەی نەتەوەیەكگرتووەكان دەكات كە بڕیارە لە شاری نیویۆركی پایتەختی ئەمریكا بەڕێوەدەچێت.

لەڕاگەیەنراوەكەدا ئاماژە بە نوسینێكی مۆنیتەر كراوە كە دەڵێت"سێشەممەی داهاتوو (24 ی ئەیلولی 2019)، بەئامادەبوونی 74 سەرۆكی وڵاتانی جیهان و 193 وەزیری وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەكگرتووەكان، كۆبوونەوەی كۆمكاری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە شاری نیویۆركی پایتەختی ئەمریكا بەڕێوەدەچێت".

‎"سەرەڕای تاوتوێكردنی پرسی وڵاتانی هیند و پاكستان و سزا سەپێنراوەكانی ئەمریكا بۆ سەر كوبا و فەنزەوێلا و كێشەی ئەتۆمی كۆریای باكور و دەرچوونی بەریتانیا لەئەوروپا و كێشەی عەرەب ئیسرائیل و قەیرانی تیرۆر… گرژییەكانی ئێران و ئەمریكا و سعودیە و كێشەكانی ناوچەی ئارام و چەند پرسێكی تایبەت بە عێراق بەشێكی تری تەوەری كۆبونەوەكە دەبن، چاوەڕوان دەكرێت هەر یەكە لە دكتۆر بەرهەم ساڵح سەرۆككۆماری عێراق و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆككۆماری توركیا، ڕۆڵی بەرچاویان لەو كۆبوونەوەیەدا هەبێت" ڕاگەیەنراوەكە وای وت.

‎دەشڵێت"مۆنیتەر لەوتارێكیدا لەبارەی كۆبوونەوەی لوتكەی سەركردەكانی وڵاتان، كە لەمیانی كۆبوونەوەی فەرمی نەتەوە یەكگرتووەكاندا لەئەمریكا بەڕێوە دەچێت، ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، پێویستە تیشك بخرێتە سەر ڕۆڵی دوو سەرۆكی ناوچەكە و جیهان، بەرهەم ساڵح و رەجەب تەیب ئەردۆگان".
هەر بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، مۆنیتەر باسی لەوەش كردووە، ترەمپ و ئەردۆگان پێش وادەی كۆتایی بۆ ڕاگەیاندنی ناوچەی ئارام لەسوریا، دیدار ئەنجامدەدەن، هەروەها بەرهەم ساڵحیش دیدی سیاسی عێراق و ناوچەكە دەخاتە ڕوو.

‎"مۆنیتەر ئەوەشی ڕوونكردۆتەوە، بێ ئەوەی لەبایەخی پرسەكانی تری كۆبوونەوەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان كەمبكرێتەوە، رۆڵی ئەو دوو سەرۆكە لەچاوەڕوانیدا دەبێت بەهۆی ئەوەی هەردووكیان لەدوو وڵاتەوە دەچنە نیویۆرك كۆمەڵێك بەرژەوەندی و ئامانج و ئاڵێنكاری وڵاتەكانیان و ڕۆڵیشیان لەسەر ئاستی ناوچەكە باس دەكەن".

‎لەكۆتای ڕاگەیەنراوەكەشدا هاتووە"لەكۆبوونەوەكەی لوتكەی نەتەوە یەكگرتووەكاندا، بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری عێراق ڕۆڵی تەنها لەسەر ئاستی وڵاتەكەی نابێت، بەوپێیەی عێراق لەهێڵی پێشەوەی ڕوودان و بەرزبونەوەی هەر گرژی و ئاڵۆزییە كە گەر لەنێوان سەربازانی ئەمەریكاو سعودیەو ئێراندا لەدوای روداوی هێرشكردنە سەر كۆمپانیای نەوتی ئارامكۆی سعودییە بكەوێتەوە".


PM:08:21:21/09/2019


ئه‌م بابه‌ته 2384 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت