ئێران: سیاسەتی سەپاندنی سزا بەسەرماندا شکستی هێناوە

‌دیمەنێک لە شاری تاران، وێنە: رۆیتەرز-ئەرشیف


وێستگە نیوز-

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، پێویستە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەوە تێبگات کە سیاسەتی سەپاندنی سزا بەسەر ئێراندا شکستی هێناوە.

عەباس موسەوی، وتەبێژی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، وتیشی، " پێویستە ئەمریکیەکان دان بەوەدا بنێن کە سیاسەتی سەپاندنی سزا شکست خواردووە، بەکارهێنانی دۆلار وەک چەکێک بەرامبەرمان ناوبانگی وڵاتەکەیان و ئابورییەکەیان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا دەخاتە مەترسیەوە".

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو سزا نوێیانەی ئەمریکا رایگەیاندووە هیچی نوێی تێدا نیە، " هەر سزکانی پێشوون لە بەرگێکی نوێدا".

عەباس موسەوی، ئەوەشی وت، " لەمەودوا ئەمریکا یەکەم دەوڵەتی گەورەی ئابوری نابێت"، داوای لە وڵاتانی دیکەش کرد بیر لە بنیاتنانی سیستمێکی نوێی ئابوری بازرگانی بکەنەوە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری کارە "دوژمنکاریەکانی" ئەمریکا لەسەر ئابوری دەوڵەتانی سەربەخۆ.

دوێنێ هەینی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، سزای بەسەر بانکی نیشتیمانی ئێرانی و دامەزراوەی گەشەی ئابوری ئێراندا سەپاندووە و ترەمپیش سزاکانی بە "قورسترین" ناوبرد، سزاکانیش دوای ئەوە هات لە دوو هەفتەی رابردوودا هێرشکرایە سەر دامەزراوە نەوتیەکانی ئارامکۆ لە سعودیە کە ئێرانی پێ تۆمەتبار کرا.

لای خۆشیەوە کۆماری ئیسلامی ئێران ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە.


PM:12:55:21/09/2019


ئه‌م بابه‌ته 2420 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو