بانگەوازێک بۆ نەهێشتنی مەترسییە گەورەکەی سەر جیهان دەکات

‌میخایل گۆرباچۆف


وێستگە نیوز-

سەرۆکی یەکێتی سۆڤیەتی جاران داوا لە کەمپەینی خەڵاتی نۆبڵ-ی ئاشتی دەکات سەرکردەکانی دەوڵەتانی خاوەن چەکی ئەتۆمی هانبدەن و داوایان لێ بکەن گرەنتی روونەدانی جەنگی ئەتۆمی بکەن.

میخایل گۆرباچۆف، سەرۆکی یەکێتی سۆڤیەتی جاران وکەسایەتیەکی دیاری ئێستای جیهان وتووشیەتی، "پێویستە بانگەوازەکە جەخت لە گەڕانەوە بۆ گفتوگۆ سەبارەت بە کەمکردنەوەی ناوکە ئەتۆمیەکان و کۆتایی پێهێنانیان بکاتەوە".

لەو بانگەوازەدا کە لەسەر ماڵپەڕی گۆرباچۆف بڵاوکراوەتەوە، ئەو سەرکردە سۆڤێتیە سەرنجی خستووەتە سەر ئەو کێشە دیارانەی رووبەڕووی جیهان بوونەتەوە، دەڵێت" پێویستە لە ئێستادا خەخت بخرێتە سەر کێشەی چەکی ئەتۆمی و لە ریزنەدی یەکەمی کێشەکان ببینرێت".

نوسیویشیەتی" ئەوەی ئێستا روودەدات زۆر ترسناکە، پەیماننامەکان تێکدەشکێنرێن، بەرهەمهێنانی جۆری نوێی چەک و دانانی نەخشە و پلان بۆ بەکارهێنانیان، وا دەردەکەوێت سیاسیەکان ئەوەیان لەبیرکردووە کە جەنگی ئەتۆمی هەرگیز مایەی قبوڵکردن نیە".

ئاماژەی بەوەش داوە دەوڵەتان ئەوەیان لەبیرکردووە پابەند بن بە کەمکردنەوەی چەکی ئەتۆمی و لە کۆتایشدا لەناوبردنی کە لە پەیماننامەی رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەیدا دەوڵەتانی خاوەن چەک ئەو بەڵێنەیان داوە.

میخایل گۆرباچۆف، جەختی لەوەش کردووەتەوە ناکرێ ئەوە قبوڵ بکرێ، "داوا لە کەمپەینی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی دەکەم بەیاننامەیەک بڵاوبکاتەوەو داوا لە سەرجەم سەرکردەکانی دەوڵەتانی خاوەن چەکی ئەتۆمی بکات هەڵوێستی روونیان هەبێ، هیچ براوەیەک نیە لە جەنگی ئەتۆمیدا هەرگیزیش ناکرێ رێگە بە بڵاوبوونەوەو بەکارهێنانی بدرێ".

میخایل گۆرباچۆف، هەشتەمین و دواهەمین سەرۆکی یەکێتی سۆڤیەتی جاران بوو، لە ئێستاشدا لە روسیا و جیهانیشدا خاوەنی کەسایەتیەکی دیارە، ئەم سەرکردە سۆڤێتیە لە ساڵی 1990 خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی وەرگرت لە بەرامبەر هەڵوێستی بەرامبەر یەکگرتوویی ئەڵمانیا . 

ش . ر

سەرچاوە: نۆڤۆستی


PM:07:09:20/09/2019


ئه‌م بابه‌ته 3968 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو