قوباد تاڵەبانی و تیمی یه‌كێتی له‌ حكومه‌ت نامه‌یه‌كی نیگه‌رانییان داوە بە مه‌سرور بارزانی

‌قوباد تاڵەبانی.. جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم

وێستگه‌ نیوز ـ

دوای رووداوی رێگری كردن له‌ مه‌حمود سه‌نگاوی، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌ بازگه‌ی سماقوڵی بۆ ناو هه‌ولێر، قوباد تاڵه‌بانی و تیمی یه‌كێتی له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم نامه‌یه‌كی نیگه‌رانی ده‌ده‌نه‌ مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم و داوای لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌كه‌ن.

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: دوای رووداوی رێگری كردن له‌ مه‌حمود سه‌نگاوی، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم و تیمی یه‌كێتی له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران نامه‌یه‌كی نیگه‌رانیان له‌وباروه‌ داوه‌ته‌ مه‌سرور بارانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.

سه‌رچاوه‌كه‌ی وێستگه‌ نیوز، ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد، له‌ نامه‌كه‌دا وێڕای خستنە ڕووی نیگەرانی له‌ رووداوه‌كه داوایان لێكردووه‌ لێکۆڵینەوەی پێویست لەڕووداوەکە ئەنجامبدات و ئه‌و كه‌سه‌شی بووه‌ته‌ هۆی دروستبوونی ئه‌و رووداوه‌ سزا بدرێت. سەرچاوەکە وتی" قوباد تاڵەبانی تیمی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان چاوەڕوانی لێکۆڵینەوەو دەرئەنجامەکانی دەکەن، چونکە پێیانوایە ڕەفتارەکە دژی پرنسیپی ڕێکەوتنی یەکێتی و پارتییە بۆ بەڕێوەبردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان".

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ دوێنێ پێنجشه‌ممه‌ 19ی ئه‌یلولی 2019، له‌ بازگه‌ی سماقۆڵی، رێگه‌ نه‌درا مه‌حمود سه‌نگاوی، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان بچێته‌ ناو شاری هه‌ولێره‌وه‌ و گه‌ڕێندرایه‌وه‌. دواتر له‌تیف شێخ عومه‌ر، وته‌بێژی فه‌رمی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: رێگری كردن له‌ مه‌حمود سه‌نگاو بۆ چوونه‌ ناو شاری هه‌ولێر قابیلی قبووڵ كردن نییه‌.

دوای كاردانه‌وه‌كانیش وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان روونكردنەوەیه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند: رۆژی پێنجشەممە 19-9-2019 لە كاتی ھاتنی بەڕێز محمود سەنگاوی، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نیشتمانی كورستان بۆ پارێزگای ھەولێر، لە زاڵگەیەكی دۆڵی سماقۆلی رووداوێكی نەخوازراو رووی داوە كە ھیچ بڕیار و راسپاردەی لە پشتەوە نەبووە".

وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێم راشیگه‌یاند: "بۆیە بۆ رەواندنەوەی نیگەرانییەكانی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و رێگەگرتن لە دووبارە بوونەوەی ئەم جۆرە رووداوانە لێكۆڵینەوەیەكی وورد ئەنجام دەدەین وخەڵكی كوردستان دڵنیا دەكەینەوە ھەموو ھەوڵەكانمان لە رێگا وبانەكان بۆ دابین كردنی ئەمنیەتی سەروسامانی ھاوڵاتیانە".


PM:12:48:20/09/2019


ئه‌م بابه‌ته 24860 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو