‎فراكسیۆنی یەكێتی: هەرێمی كوردستان بەقۆناغێكی ڕاگوزەری هەستیاردا تێپەڕدەكات



وێستگە نیوز
فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان ڕاگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە و تێیدا جەخت لەوە دەكاتەوە، هەرێمی كوردستان بەقۆناغێكی ڕاگوزەری هەستیاردا تێپەڕدەكات.

فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی لە پەرلەمانی كوردستان، لەبارەی رێگری لە ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی حزبەكەیانەوە بۆ چونە ناو هەولێر، لەڕێگەی ڕاگەیەنراوێكەوە كە كۆپییەكی بۆ (وێستگە نیوز) نێردراوە ڕایدەگەیەنێت، هەرێمی كوردستان بەقۆناغێكی ڕاگوزەری هەستیاردا تێپەڕدەكات و دەڵێت"ئەم ڕێگرییه ‌نابەرپرسانەو نا یاساییە، تەواوی یەكڕیزی نیشتیمانی و یەكگرتووی ئیدارەی هەرێمی كوردستان جارێكی دیكه ‌دەخاتە ژێر پرسیار و لەهەیبەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان كەم دەكاتەوە".
 
دەقی ڕاگەبیەنراوەكە:

لەكاتێكدا، هەرێمی كوردستان بەقۆناغێكی ڕاگوزەری هەستیاردا تێپەڕدەكات، هەموولایەكمان لەهەوڵی سەرخستنی پڕۆسەی سیاسی و ئیداری هەرێمداین، بەرپرسانی بازگەی سماقوڵی، كەلەسەر لایەنێكی سیاسی هەژمار دەكرێن، بەبێ گوێدانە ‌یاسا و بنەماكانی ڕێككەوتن و كاری پێكەوەی، ئەمڕۆ ڕێگری لەهەڤاڵ مەحمود سەنگاوی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەكەن، كەویستویەتی سەردانی پایەتەختی ئەو هەرێمەبكات كەئێستا لەژێر مەترسی سڕینەوەدایە".  

‎ئەم ڕێگرییه ‌نابەرپرسانەو نا یاساییە، تەواوی یەكڕیزی نیشتیمانی و یەكگرتووی ئیدارەی هەرێمی كوردستان جارێكی دیكه ‌دەخاتە ژێر پرسیار و لەهەیبەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان كەم دەكاتەوەو هێڵەكانی دوو ئیدارەیی و چەند زۆنێتی لە‌كوردستان تۆختر دەكاتەوە. 

‎هەروەها ئەم جۆرەڕەفتارەنابەرپرسانە، زەمینەسازی دەكەن بۆ لێكترازان و لەدەستدانی متمانەو لێكەوتەی نەرێنی و چەند بارەبوونەوەی ڕووداوی هاوشێوەو نەویستراو و بەكارهێنانی دامەزراوەی حكومی و فەرمی لەیەكلایكردنەوەی ناكۆكییەكان لەسەرتاسەری كوردستان لەداهاتوودا. 

‎بازگەكانی هەرێمی كوردستان، شوێنگەی حكومین و پارێزەری ئەمن و ئاسایشی تەواوی هاووڵاتییانی هەرێمی كورستانن، و دەبێت فەرمان لەلایەنە حكومییەكان وەربگرن، نەك لایەنێك یان حزبێك یان كەسێك كەویستی بێت هەژموونی خۆی فەرز بكات بەسەریاندا. 

‎هەروەها، لەڕووی یاساییەوە، بازگەكان- بەگوێرەی یاسا كارپێكراوەكان- تەنها لەحاڵەتی نائاسایی و نەخوازراودا مافی پشكنین و ڕاگرتن و دەستگیركردنی هاووڵاتییانییان هەیە، و هەموو ڕەفتا‌رێكی دیكەلەدەرەوەی ئەم چوارچێوەیاساییە، دەچێتەخانەی حزبی نەك دیموكراسییەت. 

‎ لە هەمان كاتدا، ئێمەپێمان وابوو ئەولەیەتی حكومەتی هەرێم، جگەلە بەهێزكردنی پڕەنسپی حكومی سەرتاسەری تەواوی هەرێمی كوردستان بەبێ جیاوازی، دانوستانی جیددی و لێبڕاوانەدەبێت بۆ وەدەستهێنانی مافەدەستوورییەكان و شایستە داراییەكانی كۆمەڵانی خەڵكی لەكوردستان ، نەك ڕێگریكردن لەتێكۆشەرێكی دێرینی گەلەكەمان و ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی حزبێكی هاوبەش لەحكومەتی هەرێمی كوردستان. 

‎لە كۆتایدا دەپرسین، سەرۆكی حكومەت بەچ جۆرێك دەیەوێت سەرۆكی حكومەتی هەموو كوردستان، هەر لەزاخۆ تا خانەقین بێت، لەكاتێكدا نەتوانێت بازگەكانی ئەژماركراو لەسەر حزبەكەی خۆی كۆنتڕۆڵبكات؟

‎ئەوەی ڕوویداوە، بەڕاستی بەكردەییكردنی زهنیەتی دوو ئیدارەی و دابەشكردنی خاكی هەرێمی كوردستانەبەسەر زۆنی جیاواز و دابەشكردنی خەڵكەكەشیەتی بەسەر بەرەی دۆست و بەرەی نەیار.

فراكسیۆنی سەوزی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان
پەرلەمانی كوردستان


PM:05:03:19/09/2019


ئه‌م بابه‌ته 2456 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت