ئەمریکا هاوکاری سێکتەری خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان دەکات
دیمەنێک لە دیدارەکە
وێستگه نیوز ـ
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایدەگەیەنێت، پشتیوانییە زانستی و ئەکادیمییەکانی حکومەتی ئەمریکا بۆ سێکتەری خوێندنی باڵای کوردستان و پێشخستنی ئاستی زانکۆکان بەگرنگ دەزانن.
ئەم لێدوانەی د. ئارام محهمهد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دوێنێ سێشەممە 17ی ئهیلولی 2019، لەمیانی پێشوازیکردنی هات لە ستیڤ فەیگن، کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان بە یاوەری شاندێکی کونسوڵخانە.
لەدیدارەکەدا کە هەریەک لە راوێژکار و بەڕێوەبەرانی گشتی وەزارەت ئامادەیبون، ستیڤ فەیگن، کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بەسەردانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و بۆ ئەم مەبەستەش کورتەیەکی لەبارەی کارو پرۆژەو هەماهەنگیەکانیان لەگەڵ هەریەک لە دامەزراوەکانی خوێندنی باڵای کوردستان روونکردەوە، بەتایبەت بەرنامەی ئاڵوگۆڕی سەرکردەی گەنج کە تایبەتە بە ناردنە دەرەوەی خوێندکاران و بەرنامەی فول برایت و ئاڵوگۆڕی خوێندکاری خوێندنی باڵا و پێشخستن و پەرەپێدانی سێنتەرەکانی بەکارخستن و پرۆگرامی بەستنەوەی زانکۆکانی هەرێم بە زانکۆکانی ئەمریکا و بەرنامەی ئاڵوگۆڕی کلتوری و فەرهەنگی و پەرەپێدانی زمانی ئینگلیزی.
لەلایەن خۆشیەوە د. ئارام محهمهد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دوای بەخێرهێنان شاندی کونسوڵخانە، هاوکاری و هەماهەنگی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکای بۆ گەلی کوردستان بە بایەخ و گرنگ وەسفکرد، بۆ ئەمەش کورتەیەکی لەبارەی پشتگیری حکومەت و گەلی ئەمریکا باسکرد.
لهو روهوه رایگەیاند: "سوپاسی پشتیوانیتان دەکەین کە ساڵانێکە قوربانی زۆرتان داوە بۆ پشتیگری گەلانی ناوچەکەو گەلی کوردستان بەتایبەتی، هاوکارییەکانتان بۆ گەلەکەمان جێگەی و پیزانینە بە رێزەوە سەیری دەکەن".
لە بارەی هەماهەنگی سێکتەری خوێندنی باڵاش وەزیری خوێندنی باڵا دووپاتیکردەوە، "لەناو هەموو ئەو هاوکاری و پشتیوانییەتان بۆ گەلەکەمان، هاوکاری زانستی گرنگتان پێشکەش بە زانکۆ و دامەزراوەکانمان کردووە، بەتایبەت لە بواری سەرکردەی ئەکادیمی و پێشخستن و پەرەپێدانی سێنتەرەکانی بەکارخستن لە زاکۆکان و ئاڵوگۆڕی مامۆستاو خوێندکاران و چەندین بواری دیکە، بۆیە بۆ بەرەو پێشبردن و پێشخستنی ئاستی زانکۆ و دامەزراوە زانستیەکانمان پشتیوانی زیاتری کارەکانمان بن بەردەوامی پێبدەن".
لە بەشێکی دیکەی وتەکەیدا ئارام محهمهد رایگەیاند: "بەشێوەیەکی گشتی سیستم و فەلسەفەی خوێندن لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بۆ ئێمە جێگەی بایەخ و گرنگیە، کاتێک دەمانەوێت ئامانج و پلانەکانمان بۆ پێشخستنی سێکتەری خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان بچێتە پێشەوە، پێویستمان بەهاوکاری و هەماهەنگی زیاتری دامەزراو و ناوەندە زانستیەکانی ئێوە دەبێت، چاوەڕێی ئەوەین زیاتر هاوکارمان بن بۆ پەرەپێدانی ئەم پەیوەندییانە و پێشخستنی ئاستی زانکۆکانمان و دروستکردنی پەیوەندی راستەوخۆ لە نێوان دامەزراوەکاندا".
هــ. ر
AM:11:59:18/09/2019
ئهم بابهته 1752
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت