دامەزراندنی پاسەوانی په‌رله‌مانتار و وه‌زیره‌كان دەستپێدەكات

‌دامەزراندنی پاسەوانی گرێبەست دەستپێدەکات

وێستگه‌ نیوز ـ هه‌ستیار

ئەندامێکی لیژنه‌ی پێشمەرگەو ئاسایش و ناوخۆ و ئه‌نجومه‌نه‌ خۆجێییه‌كان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ئاشكرایده‌كات، دانانی پاسەوانی پەرلەمانتار و وەزیرەکان بەشێوەی گرێبەست یەکلایی بووەتەوەو چاوەڕوانی ئەوەن بڕیارەکە جێبەجێ بکرێت.

عوسمان سێدەری، ئەندامی لیژنەی پێشمەرگەو ئاسایش وناوخۆ و ئەنجومەنەخۆجێیەكان لەپەرلەمانی كوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە بە وێستگە نیوزی راگەیاند: هەرچەندە تائێستا پاسەوان بۆ ژمارەیەكی زۆر لەوەزیر و پەرلەمانتاران دانەنراوە، بەڵام زانیاری دروست ئەوەیە كە هاوشێوەی پێشتر دامەزراندنی پاسەوان بۆ بەرپرسەكان نابێتە هەمیشەیی، بەڵكو بەشێوەی گرێبەست چەند كەسێك وەك پاسەوان دەستبەكاردەبن و ئەو بەرپرسیارێتییەیان پێدەدرێت.

بە وتەی سێدەری، هەر پەرلەمانتارو وەزیرێك یان بەرپرسێك كە لە پۆستەكەیدا دەبێت، پاسەوانی بەشێوەی گرێبەست بۆ دامەزرێندرێت تا ئەوكاتەی لەو پۆستە دەمێنێتەوە، دواتر كۆتایی بەگرێبەستەكەیان دەهێندرێت.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، دامەزراندنی پاسەوان بەشێوەی گرێبەست، بڕیاری لەسەر دراوە و لە ئایندەیەكی نزیكیشدا میكانیزمی جێبەجێكردنی دەخرێتەڕوو.

ئەو ئەندامەی لیژنەی پێشمەرگەو ئاسایش وناوخۆ و ئەنجومەنەخۆجێیەكان لەپەرلەمانی كوردستان، زانیاری زیاتری خستەڕوو و رایگەیاند: بەپێی زانیارییەکانیان بۆ پەرلەمانتار دوو بۆ سێ پاسەوانی گرێبەست دادەنرێت و بۆ وەزیرەکانیش شەش پاسەوانی بۆ دادەنرێت.


AM:11:42:18/09/2019


ئه‌م بابه‌ته 5336 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت