نەوەی نوێ‌ داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەكات

‌لۆگۆی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌


وێستگە نیوز
جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ ڕایدەگەیەنێت، هاوكاتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەعێراقدا، دەرفەتێكی گونجاوە هەمان هەڵبژاردن لەپارێزگاكانی هەرێمی كوردستانیشدا ئەنجام بدرێت.

جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌، لەڕێگەی ڕاگەیەنراوێكەوە كە كۆپییەكی دەست (وێسیتگە نیوز) كەوتووە، لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانەوە ڕایدەگەیەنێت "جوڵانەوەی نەوەی نوێ پێیوایە هاوكاتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەعێراقدا، دەرفەتێكی گونجاوە هەمان هەڵبژاردن لەپارێزگاكانی هەرێمی كوردستانیشدا ئەنجام بدرێت و حكومەتی خۆجێی پارێزگاكان نوێبكرێنەوە و هاوكاری خەڵك بن لەپێشكەشكردنی باشتریین خزمەتگوزارییدا و كۆتایی بەناشەرعییبوونی وادەی مانەوەی ئەنجومەنی ئێستاو پارێزگارەكان بهێنن".
دەقی ڕاگەیەنراوەكە:

راگەیەنراوێك لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ - وە

لەگەڵ خراپی دۆخی ئەمنیی لەساڵی 2005ەوە تائێستا، هەموو چوار ساڵ جارێك و لەوادەی خۆیدا، لەسەرجەم پارێزگاكانی عێراق جگە لەهەرێمی كوردستان هەڵبژاردن ئەنجامدراوە و بۆ هەموو خولێك حكومەتی خۆجێی پارێزگاكان نوێكراوەتەوە، بەڵام لەو وادەیەوە تائێستا لەهەرێمی كوردستان تەنها دووجار هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان ئەنجامدراوە و ئێستاش پارتیی و یەكێتیی لە ترسی هەڵبژاردن و چوونەوە بەردەم خەڵك جارێكی تر هەڵبژاردنەكەیان بۆ وادەیەكی نادیار دواخستووە و یاسای ئەنجومەنەكەشیان لەبەرژەوەندیی خۆیان و بۆ دانانی كەسانی حیزبیی بەپارێزگاری شارەكان هەمووار كردەوە.

جوڵانەوەی نەوەی نوێ پێیوایە هاوكاتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەعێراقدا، دەرفەتێكی گونجاوە هەمان هەڵبژاردن لەپارێزگاكانی هەرێمی كوردستانیشدا ئەنجام بدرێت و حكومەتی خۆجێی پارێزگاكان نوێبكرێنەوە و هاوكاری خەڵك بن لەپێشكەشكردنی باشتریین خزمەتگوزارییدا و كۆتایی بەناشەرعییبوونی وادەی مانەوەی ئەنجومەنی ئێستاو پارێزگارەكان بهێنن.

جوڵانەوەی نەوەی نوێ داوا دەكات هاوكات لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراقدا، هەمان هەڵبژاردن لە هەرێم ئەنجام بدرێت و رێگەش بدرێت كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێڕاق سەرپەرشتیی هەڵبژاردنەكە بكات، بەمەش تێچووی هەڵبژاردنەكان دەكەوێتە ئەستۆی حكومەتی عێراق و دەرفەت نامێنێت حكومەتی هەرێمی كوردستان بەبیانووی هەبوونی قەیرانی دارایی باس لە بودجەی پێویست بۆ هەڵبژاردنەكان بكات و یاریی بەدەنگ و چارەنووس و ئیرادەی خەڵكەوە بكات.

جگە لەوەش پێمانوایە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەگەڵ پارێزگاكانی تری عێراقدا، كێشەی پێكهێنانی ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجەش چارەسەر دەكات و چیدی خەڵكی خۆشەویستی پارێزگای هەڵەبجە لەچاوەڕوانیی پێكنەهاتن و رازی نەبوونی پارتیی و یەكێتییدا نابن بۆ ئەوەی پارێزگاكەیان ببێتە خاوەنی حكومەتی خۆجێی خۆیی و دەستبكات بەكاركردن بۆ ئاوەدانكردنەوەی پارێزگاكە و بەوەش رۆحی شەهیدانی ئەو پارێزگایە ئاسوودە بكات.

جوڵانەوەی نەوەی نوێ ٢٠١٩/٩/١٧


PM:08:10:17/09/2019


ئه‌م بابه‌ته 2060 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت