یەكێتی دژی بڕیارێكی عیراق هاتە دەنگ

‌لۆگۆی یەکێتی نیشتمانی کوردستان


وێستگە نیوز
پاش ئەوەی حكومەتی عێراق لیژنەیەك لەبارەی كەركوكەوە پێكدەهێنێت، یەكێتی نیشتمانی كوردستان ناڕەزایەتی لەبارەی پێكهێنانی ئەو لیژنەیەوە دەردەبڕێت.

بڕیار رەشید، وتەبێژی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی لەڕێگەی ڕاگەیەنراوێكەوە كە كۆپییەكی دەست (وێستگە نیوز) كەوتووە، ڕایدەگەیەنێت"مایەی نیگەرانییە، دەرچواندنی فەرمانێكی دیوانیی ژمارە ( ١٤ ) ٢٦/٨/٢٠١٩ لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقەوە بەپێكهاتنی لیژنەیەك بۆ ئەو مەبەستەی لەیاساكەدا ئاماژەی پێ كراوە، سەرجەمیان لەپێكهاتەی عەرەبین، ئەمەش دژی بنەمای تەوافقە لە دەستوری عیراقدا ئاماژەی پێكراوە".

دەقی ڕاگەیەنراوەكە: 

ئاشكرایە لای هەمووان كە یاسای ژمارە (١٤) ی ساڵی ٢٠١٩ی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق ژمارە (١٢) ی ساڵی ٢٠١٨، لەماددەی (١٢)دا هەمواری ماددەی (٣٥) ی یاساكە دەكات بە زیادكردنی دوو بڕگەی (حەوتەم و هەشتەم) بۆ ئەو ماددەیە كەتیایدا ئاماژە بەوە دەكات كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان پابەند دەبێت بە وردبینی و هاوتاكردنی تۆماری دنگدەرانی پارێزگای كەركوك، بە پشت بەستن بە فۆرمی خۆراك و ناسنامەی باری شارستانی لەماوەیەكی دیاریكراودا كەلە ٣١/١٢/٢٠٢٠ دا كۆتایی دێت،كەبەهاوتاكردنە سەرجەم ئەو ناوانەی جیاوازیان هەیە لەهەردوو تۆمار لادەبرێت لەتۆماری دەنگدەران جگە لەوناوانەی كە لەلیژنەی بەدواداچوونی ڕاستیەكان كێشەیان نەبووە بەپێی ماددەی (١٤٠) دەستوری عیراقی.

بەڵام ئەوەی مایەی نیگەرانییە، دەرچواندنی فەرمانێكی دیوانیی ژمارە (١٤) ٢٦/٨/٢٠١٩ لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقەوە بەپێكهاتنی لیژنەیەك بۆ ئەو مەبەستەی لەیاساكەدا ئاماژەی پێ كراوە، سەرجەمیان لەپێكهاتەی عەرەبین، ئەمەش دژی بنەمای تەوافقە لە دەستوری عیراقدا ئاماژەی پێكراوە، بۆ بەرجەستەكردنی پێكەوە ژیانی ئاشتیانە لەو شارەدا كەدەبوو لایەنی كەم بەڕێوەبەری ئۆفیسی كەركوكی لیژنەی باڵای جێبەجێ كردنی ماددەی (١٤٠) ی دەستوری عیراقی تێیدا ئەندام بوایە یاخود نوێنەری كورد وتوركمان و كلدان و ئاشوری پێكهاتەكانی تری ئەو شارەی تێدا بوایە.

هەروەها ئەم بڕیارە دیوانیە سەرپێچی بڕگەی حەوتەمی ماددەی (٣٥) ی یاسای ناوبراو دەكات بەدیاری كردنی ماوەی ٦٠رۆژ بۆ جیبەجێ كردنی پرۆسەی ووردبینی و هاوتاكردنی ناوەكان لەتۆماری دەنگدەران كە یاساكە ٣١/١٢/٢٠٢٠ دیاری كردووە.

لەكۆتاییدا داواكارین لەجەنابی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق پێداچوونەوە لە پێكهێنانی ئەو لیژنەیەدا بكات و بەشێوەیەك نوێنەری سەرجەم پێكهاتەكانی شاری كەركوك تێیدا بێت بۆ پاراستنی ئارامی و پێكەوە ژیان لەو شارەدا.


PM:03:02:17/09/2019


ئه‌م بابه‌ته 5356 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت