"ئەگەر سەرژمێری لەم دۆخەی ئێستای کەرکوکدا بکرێت کورد لە شارەکەدا دەبێتە کەمینە"

‌دیمەنێک لە شاری کەرکوک.. فۆتۆ: ئەرشیڤ

وێستگە نیوزـ

ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک رایگەیاند، ئەگەر سەرژمێری لەم دۆخەی ئێستای کەرکوکدا بکرێت کورد لە شارەکەدا دەبێتە کەمینە.


دوێنێ یەکشەممە وەزارەتی پلاندانانی عیراق رایگەیاند، سەرژمێری گشتی پارێزگاکانی عیراق لە وادەی خۆیدا و مانگی 10 ی ساڵی 2020 بەڕێوەدەچێت.

جوان زەنگەنە، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەسەر لیستی برایەتی، بە وێستگە نیوز-ی راگەیاند، لە رووی یاساییەوە کەرکوکیش وەک هەر شارێکی دیکە لە شارەکانی عیراق سەرژمێری دەیگرێتەوە بەڵام کێشەی گەورە ئەو کاریگەرییەیەتی کە لەسەر چارەنوسی کەرکوک و تایبەتمەندی شارەکە دروستی دەکات.

وتیشی، "لە دوای 16 ی ئۆکتۆبەرەوە عەرەبێکی زۆر دەهێنرێنە کەرکوک فۆڕمی خۆراک و کارتی لەدایکبوونیان بۆ دەکرێت، بەشێک لە کوردیش هەیە خەڵکی کەرکوکە بەڵام لە ئێستادا لە دەرەوەی کەرکوکە ، ئەگەر عەرەبە هاوردەکان هەموویان لەسەر کەرکوک سەرژمێر بکرێن کەواتە دیمۆگرافیای کەرکوک  بەشێوەی فەرمی و بەڵگەی یاسایی دەگۆڕدرێت"

دەربارەی رۆڵی مادەی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی کەرکوک، جوان زەنگەنە وتی، "مادەی 140 وەک مادەیەک کۆمەڵێک هەنگاوی داناوە بۆ چارەسەری کێشەکانی کەرکوک بەڵام لاوازی جێبەجێکردنی کێشەیە ، بۆ نمونە لە مادەی یەک باس لەوە دەکات سەرژمێری تایبەت لەسەر دانیشتیوانی کەرکوک بکرێت یاخود بڕگەیەکی دیکەی دەڵێت هەندێ قەزاو ناحیە کە لە کەرکوک دابڕێنراون بخرێنەوە سەر کەرکوک، لەم کاتەدا سەرژمێریش بکرێت ئاساییە، بەڵام بەم شێوازەی ئێستا بکرێت کورد زۆر زیانی پێدەگات و دەبێتە کەمینە لە کەرکوکدا".

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان لە ئێستایا بۆ هەر ئامارێکی کەرکوک داوای سەرژمێری 1957 دەکەن ، کە ئەگەر ئەوە بکرێتە بەڵگە کورد زیانی بەر ناکەوێت چونکە لە سەرژمێری 1957 کورد زۆرینە بووە بە بەڵگەکانی دەوڵەتی عوسمانیشەوە.

"بە ڕای من  سەرژمێری 2020 بشکرێت پاک نابێت چونکە باڵانسی هێز لە عیراقدا دادپەروەرانە نیە، هەم کورد لە عیراقدا زیان دەکات هەم لە ناوخۆی کوردستانیشدا کورد بە سەدا 99 نامێنێتەوە کە پێشتر ئاماژەی پێدەدرا بەوپێیەی ژمارەیەکی زۆر ئاوارەی عەرەبیش هاتوونەتە هەرێمی کوردستان بەوپێیەش تایبەتمەندی زۆرینە کورد لە هەرێمیش دادەبەزێت". جوان زەنگەنە وای وت.

سەبارەت بەوەی لە دوای پرۆسەی ئازادی عیراقەوە دوو جاری دیکە هەوڵدراوە سەرژمێری ئەنجامبدرێت و سەرکەوتوو نەبووە، ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک وتی: "دەبوو سەرژمێری لە ساڵی 2007 ەوە بکرایە، ئەگەر سەرژمێری رەهەندێکی ئیداری و یاسایی و یەکسانی وەربگرێت پرۆسەیەکی گرنگە بۆ وەرگرتنی ژمارەی دانیشتیوان و پێکهاتەکانی هەر وڵاتێک ئەگەر ئامانج لێی هاوڵاتیبوونی یەکسان بێت بەڵام لە عێراقدا ترس لەوە هەیە بەرگێکی یاسایی دەکەن بە بەردا بەڵام رەهەندێکی سیاسی لە پشتە، بەم شێوەیەی ئێستا تاکەکانی عیراق دادپەروەرانە ئیستیحقاقی خۆیان وەرناگرن".


ش. ر


PM:01:38:16/09/2019


ئه‌م بابه‌ته 2324 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو