میدیای یه‌كێتی: بافڵ تاڵه‌بانی و سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق كۆبوونه‌وه‌


وێستگه‌ نیوز ـ
میدیای فه‌رمی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ بافڵ تاڵه‌بانی و عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق له‌ كۆبوونه‌وه‌دان.


به‌پێی هه‌واڵی میدیای یه‌كێتی، بافڵ تاڵەبانی، كوڕه‌ گه‌وره‌ی مام جه‌لال، سكرتێری كۆچكردووی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌ سه‌ردانێك له‌ به‌غدایه‌و هاوڕێ له‌گه‌ڵ ئاراس شێخ جه‌نگی، راوێژكاری سه‌رۆك كۆماری عیراق، لەگەڵ عەمار حەكیم، سەرۆكی رەوتی حیكمە كۆبۆوە.

هه‌روه‌ك بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، لە دیداره‌كه‌دا  گفتوگۆكراوه‌ لەبارەی گۆڕانكارییە سیاسی و ئەمنییەكانی هەرێم و عیراق و ناوچەكەو تەئكید لە كاری هاوبەش و بەرەوپێشبردنی پەیوەندی دۆستانە و هاریكاری نێوان یەكێتی و رەوتی حیكمە  كرایەوە، بەجۆرێك كە خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاكانی هەولێر و بەغدا و بەهێزكردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەكەدا بكات.

هەر لە دیدارەكەدا بافڵ تاڵەبانی، پەرۆشی یەكێتی دووپاتكردەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و عیراق و رایگەیاند: "ئەگەر بمانەوێت هەرێمی كوردستان و عیراق سەقامگیری زیاتر بەخۆوەبینێت پێویستە پەیوەندییەكی پتەو لەنێوان هەردوولادا بنیادبنرێتەوە و بەسەر كێشەو گرفتەكاندا زاڵبین و كاربكەین لە پێناو بە دامەزراوەییكردنی دامودەزگاكانداو چەسپاندنی عەداڵەتی كۆمەڵایەتی و حكومەتی هاوڵاتی بوون.

هه‌روه‌ك میدیای یه‌كێتی بڵاویشیكرده‌وه‌، كه‌له‌ ئێستادا بافڵ تاڵه‌بانی، له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق له‌ كۆبوونه‌وه‌دایه‌.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ دوێنێ شه‌ممه‌ سەرچاوەیەکی ئاگادار له‌ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌ وێستگە نیوزی راگەیاند، "دوای کەمکردنەوەی دەسەڵاتە داراییەکانی یەکێتی لە حکومەتی هەرێم پێدەچێت یەکێتی راستەوخۆ لەگەڵ بەغدا رێککەوتن بکات تا بودجەی پارێزگاکان بنێرێت".

لەگەڵ سەرگرتنی ئەو رێکەوتنە، بەپێی وتەی ئەو سەرچاوەیە، "هەرێمی کوردستان دووبارە دابەش دەبێتەوە بۆ سەر دوو زۆنی زەرد و سەوز، چونکە هەولێر نایەوێت لەسەرەتای ساڵی 2020 پابەندی رێککەوتنە زارەکیەکەی مەسعود بارزانی و عادل عبدالمهدی بێت لەبارەی رادەستکردنی نەوت".

ئەو سەرچاوەیە  وتیشی: "بوونی زۆرینەی نەوتی کوردستان لەسنوری یەکێتی دەرفەتی یەکێتی زیاتر دەکات بۆ رێککەوتن لەگەڵ بەغدا بەهەر نرخێک بێت".


PM:01:21:15/09/2019


ئه‌م بابه‌ته 5844 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت