په‌رله‌مانتارێك بۆ حكومه‌تی هه‌رێم: 100 ملیار دۆلاری به‌غدا قه‌رزارن


وێسگه‌ نیوزـ

په‌رله‌مانتارێكی لیژنه‌ی نه‌زاهه‌ له‌ په‌رله‌مانی عیراق وه‌ڵامی حكومه‌تی هه‌رێمی دایه‌وه‌ و رایگه‌یاند: هه‌رێم 100 ملیار دۆلاری به‌غدا قه‌رزاره‌.

یوسف كه‌لابی، په‌رله‌مانتاری لیژنه‌ی نه‌زاهه‌ له‌ په‌رله‌مانی عیراق به‌پێی به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك كه‌ ده‌ست وێستگه‌ نیوز كه‌وتوه‌، ئاشكرایكرد: هه‌رێمی كوردستان له‌ پرسی نه‌وتی كه‌ركوك و ده‌روازه‌ سنورییه‌كان، قه‌رزاری حكومه‌تی عیراقه‌، رونیشیكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌پێی داتا فه‌رمییه‌كانی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی نه‌وت و پلاندادانی عیراق، له‌ ساڵی 2005 تا 2016 هه‌رێم ته‌نها 89 تریلیۆن دیناری عیراقییه‌ داوه‌ به‌ به‌غدا.

په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی لیژنه‌ی نه‌زاهه‌ به‌پێی به‌ڵگه‌نامه‌كان ئاشكرایكردوه‌، له‌ 11ی حوزه‌یرانی 2006ه‌وه‌ تا 18 تشرینی دووه‌می 2017، هه‌رێم ده‌ستی به‌سه‌ر نه‌وتی كه‌ركوكدا گرتوه‌ و تێكڕای هه‌نارده‌كردنی ئه‌و نه‌وته‌ی له‌ كه‌ركوكه‌وه‌ فرۆشتویه‌تی ده‌گاته‌ 20 ترلیۆن دیناری عیراقی.

هه‌ربه‌پێی به‌ڵگه‌نامه‌كان، كه‌لابی ئاشكرایكردوه‌ ساڵانه‌ هه‌رێمی كوردستان 8 بۆ 10 ترلیۆن دیناری له‌ داهاتی نه‌وت و ده‌روازه‌ سنورییه‌كان خڕكردوه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌له‌ پاره‌ی باج و رسوماتی فیدڕاڵی و رێگریكردن له‌ دیوانی چاودێریی دارایی حكومه‌تی به‌غدا بۆ وردبینیكردن له‌ حساباتی كۆتایی هه‌رێمدا، ئه‌مه‌ش وایكردوه‌ دیوانی چاودێریی دارایی عیراق سكاڵایه‌ك له‌دژی هه‌رێم تۆمار بكات.

ئه‌نجامه‌كه‌ی لیژنه‌ی نه‌زاهه‌ی عیراق رایگه‌یاندوه‌: به‌پێی مادده‌ی 111ی ده‌ستوری كۆماری عیراق، سامانی وڵات بۆ سه‌رجه‌م عیراقییه‌كانه‌، به‌ڵام چه‌ند كه‌س و بنه‌ماڵه‌یه‌كی هه‌رێم هیچیان نه‌خستوه‌ته‌سه‌ر سامانی عیراق، كه‌چی له‌ولاشه‌وه‌ به‌بێ هیچ حه‌ق و به‌ڵگه‌یه‌كی یاسایی ده‌ڵێن به‌غدا 80 ملیار دۆلاری هه‌رێم قه‌رزاره‌، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه‌ به‌تێكڕا به‌غدا 100 ملیار دۆلاری لای هه‌رێمه‌.

رۆژی چوارشه‌ممه‌ 11ی‌ ئه‌یلولی‌ 2019 د.جوتیار عادل وته‌بێژی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند "به‌پێی‌ لێكۆڵینه‌وه‌كانیان حكومه‌تی‌ عیراق 80 ملیار دۆلار قه‌رزاری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌".


PM:06:26:14/09/2019






ئه‌م بابه‌ته 2224 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو