"پێدەچێت یەکێتی راستەوخۆ لەگەڵ بەغدا لەسەر بودجەی پارێزگاکان رێکبکەوێت"


وێستگە نیوز-
 
سەرچاوەیەکی ئاگادار رایگەیاند، ئەگەری ئەوە هەیە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان راستەوخۆ لەگەڵ بەغدا رێککەوتن بکات بۆ ئەوەی بودجەی پارێزگاکان بنێرێت.


ئەو سەرچاوەیە بۆ وێستگە نیوز-ی راگەیاند، دوای کەمکردنەوەی دەسەڵاتە داراییەکانی یەکێتی لەحکومەتی هەرێم پێدەچێت یەکێتی راستەوخۆ لەگەڵ بەغدا رێککەوتن بکات تا بودجەی پارێزگاکان بنێرێت.

لەگەڵ سەرگرتنی ئەو رێکەوتنە، بەپێی وتەی ئەو سەرچاوەیە، " هەرێمی کوردستان دووبارە دابەش دەبێتەوە بۆ سەر دوو زۆنی زەرد و سەوز، چونکە هەولێر نایەوێت لەسەرەتای ساڵی 2020 پابەندی رێککەوتنە زارەکیەکەی مەسعود بارزانی و عادل عبدالمهدی بێت لەبارەی رادەستکردنی نەوت".

ئەو سەرچاوەیە  وتیشی، " بونی زۆرینەی نەوتی کوردستان لەسنوری یەکێتی دەرفەتی یەکێتی زیاتر دەکات بۆ رێککەوتن لەگەڵ بەغدا بەهەرنرخێک بێت".

وێستگەنیوز پەیوەندی کرد، بەچەند سەرکردەیەکی یەکێتییەوە، هەندێکیان بێ ئاگابوونی خۆیان نیشان ئەدا، هەندێکی تریان دەیانووت لەوبارەیەوە قسە ناکەن.

وێستگە نیوز پەیوەندی کرد بە لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی فەرمی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پرسیاری کەمکردنەوەی دەسەڵاتە داراییەکانی یەکێتی لە حکومەتی هەرێمدا ئاراستە کرد، لە وەڵامدا رایگەیاند لەو بارەیەوە هیچ قسەیەک ناکات و وتی " ئەوە بابەتێک نیە کە من قسەی لەسەر بکەم".

لە لایەکی دیکەشەوە شیروان میرزا، ئەندامی پەرلەمانی عیراق لە فراکسیۆنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە وێستگە نیوز-ی راگەیاند،  لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی حکومەتی هەرێم ئەوان پێیان راگەیاندوون کۆمەڵێک  بەدیلیان داوەتەوە حکومەتی عیراق و چاوەڕێی وەڵام دەکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەم هەفتەیەدا شاندی حکومەتی هەرێم دێتەوە بەغدا و دەست بە گفتوگۆ دەکەن.

وتیشی: "وەفدی حکومەتی هەرێم بە ئێمەیان رانەگەیاندووە کە نەوت رادەست دەکەن یاخود نا بەڵام، باسیان لەوە کرد کە کۆمەڵێک مەرجیان هەیە بۆ نمونە مەرجی دانەوەی قەرزەکان بەوپێیەی حکومەت ئیلتیزاماتی کۆمپانیاکانی نەوتی لەسەرە  دەیەوێ کاتێک نەوتەکە رادەست دەکات چ هەمووی یاخود بەشێکی، گرەنتی ئەوە بکات کە هەم ئیلتیزاماتی بەرامبەر کۆمپانیاکانی نەوت جێبەجێ بکات هەم دۆخی دارایی خۆی پێ بەڕێوەببات لە مووچەی فەرمانبەران و وەبەرهێنان و بەکاربردن و کاری دیکە".

ئەوەشی وت، "شاندی حکومەتی هەرێم بە ئێمەیان وت ئامادەی رێککەوتنین، کۆمەڵێک بەدیلمان داوەتە حکومەتی عیراق و چاوەڕوانی وەڵامی حکومەتی عیراقین".

لە بارەی ئەو ئەوەی ئەگەر هەولێر و بەغدا نەگەنە رێککەوتن یەکێتی بەشێوەیەکی راستەوخۆ لەگەڵ بەغدا رێکدەکەوێت بۆ ناردنی بودجەی پارێزگاکان؟، شیروان میرزا بوونی هەر شتێکی لەوجۆرەی رەتکردەوەو وتی: "من لەناو پەرلەمانی عیراق لەسەر فراکسیۆنی یەکێتیم و ئەندامی لیژنەی داراییم هیچ شتێکی لەو شێوەیە قسەی لەسەر نەکراوەو لەناو یەکێتیدا باس نەکراوە".


PM:02:58:14/09/2019


ئه‌م بابه‌ته 7660 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو