ئه‌مریكا هه‌ڕه‌شه‌ی سزادان له‌ هێزه‌ سیاسیییه‌كانی عیراق ده‌كات


وێستگه‌ نیوزـ

وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مریكا هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌پاندنی سزای به‌سه‌ر هه‌ر لایه‌نێكی سیاسیی عیراقدا كرد كه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ سوپای پاسدارانی ئێراندا هه‌بێت.

مارشال بیلینگلیسیا، یاریده‌ده‌ری وه‌زیری گه‌نجینه‌ی ئه‌مریكا بۆ كاروباری بنبڕكردنی تیرۆر له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ئه‌مڕۆ هه‌ینی 13ی ئه‌یلولی 2019 رایگه‌یاند: جوگرافیا و هاوسێیه‌تی له‌گه‌ڵ ئێران، عیراقی كردوه‌ته‌ قوربانی.

وتیشی: له‌گه‌ڵ پارێزگاری بانكی ناوه‌ندیی عیراق كۆبوه‌ته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و له‌ دۆخه‌كه‌ تێده‌گات، مه‌به‌ستیشی له‌وه‌ بوو كه‌ ده‌بێت عیراق به‌و سزایانه‌وه‌ پابه‌ند بێت كه‌ ئه‌مریكا به‌سه‌ر ئێرانیدا سه‌پاندوه‌.

یاریده‌ده‌ری وه‌زیری گه‌نجینه‌ی ئه‌مریكا بۆ كاروباری بنبڕكردنی تیرۆر هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌پاندنی سزای به‌سه‌ر لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عیراقیشدا كردوه‌وه‌ و وتی: هه‌ر كه‌سێك بچێته‌ لیستی تیرۆره‌وه‌، دانوستانی له‌گه‌ڵ ناكه‌ین، وه‌ك نمونه‌ش ئاراس حه‌بیب، به‌ڕێوه‌به‌ری بانكی وڵاتی ئیسلامیی به‌بیرهێنایه‌وه‌ و وتی: ئاراس حه‌بیب یه‌كێك بووه‌ له‌وانه‌ی كارئاسانیی بۆ كاری تیرۆرستی كردوه‌.

ئاشكراشیكرد كه‌ ئه‌مریكا موڵك و سامانی ئاراس حه‌بیب، سه‌رۆكی حزبی كۆنگره‌ی نیشتمانی و بانكی وڵاتی ئیسلامی له‌ عیراق سڕ كردوه‌ و دوودڵیش نابێت له‌ سزادانی هه‌ر هێزێكی سیاسیی عیراقیی دیكه‌ ئه‌گه‌ر به‌سه‌ریدا ساغ بووه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ سوپای پاسدارانی ئێران ده‌كه‌ن.


PM:07:56:13/09/2019


ئه‌م بابه‌ته 3320 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت