یەکەم چالاکی هاوبەشی هێزەکانی ئەمریکا و تورکیا لە ناوچەی ئارام دەستیپێکرد


وێستگە نیوز- 

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە یەکەم دەوریەی هاوبەشی تورکیا و ئەمریکا لەناوچەی گرێ سپی وەک هەنگاوێکی جێبەجێکردنی دامەزراندنی ناوچەی ئارام لە رۆژئاوای کوردستان دەستیپێکرد. 

پەیامنێری فرانس پرێس رایگەیاندووە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە شەش یەکەی سەربازی تورکی چوونەتە سنوری سوریا بۆ هاوبەشیکردن لەگەڵ یەکە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ دەستپێکردنی یەکەم دەوریەی هاوبەش لە چوارچێوەی رێککەتنی رۆژی 7 ی مانگی رابردوو بۆ دروستکردنی ناوچەی ئارام لە ناوچەکانی ژێردەستی هێزەکانی پاراستنی گەل و ناوچە سنوریەکانی تورکیا. 

چەند کاتژمێرێکی کەم پێش ئەنجامدانی ئەو دەوریە هاوبەشەش هێزەکانی هەردوو وڵاتەکە گەڕانە ئاسمانیەکانیان چڕکردەوە. 

پێشتر ئەنقەرە جەختی لەوە کردبووەوە کە هێزە هاوبەشەکانی وڵاتەکەی و ئەمریکا دەستیان کردووە بە گەڕانی ئاسمانی لەسەر ئەو ناوچە دیاریکراوە، بۆ مەبەستی دامەزراندنی ناوەندی پرۆسە هاوبەشەکان. 

ناوچەی ئارام ناوچەیەکی ئەمنی و سەربازی دەبێت، بەپێی رێککەوتنی نێوان ئەمریکاو تورکیا قووڵایی ناوچەکە لەنێوان 5 هەتا 14 کیلۆمەتردا دەبێت. 


AM:11:41:08/09/2019


ئه‌م بابه‌ته 244 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت