یەکێتی کەمئەندامان: ئەوەی چاوەڕوان نەدەکرا حکومەت بەرامبەرمان کردی

‌کەمئەندامان لە حکومەت نیگەرانن

وێستگە نیوز-

بە بڕیارێکی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ سێیەم جار لیژنەیەک بۆ هەڵسەنگاندنی رێژەی کەمئەندامی خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان پێکهێنرا سكرتێری یەكێتی كەمئەندامانی كوردستانیش رایگەیاند، ئەوان بەهیچ جۆرێک چاوەڕێی ئەم هەڵوێستەیان لە حکومەت نەدەکرد بەڵکو چاوەڕوانی ئەوەبوون حکومەت بەڵێنەکەی بباتە سەر کە وتبووی دوای جەژن مووچەی کەمئەندامان دەگێڕێتەوە.


سامان حسێن، سکرتێری یەکێتی کەمئەندامانی کوردستان بە وێستگە نیوزی ڕاگەیاند، ئەمە بۆ جاری سێیەمە بە بڕیارێکی وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی کەمئەندامان دەدرێن بە لیژنە، وتیشی، "ئەمەش ئەوپەڕی سوکایەتیە بەو توێژە لەکاتێکدا پێشتر کەمئەندامان دوو جار لیژنەی پزیشکیان بینیوە ئێستا سەرلەنوێ کەمئەندامان دەدنەوە بە لیژنە لەبەرئەوەی گومانیان لە چەند کەیسێک هەیە  دەیانەوێ 13 هەزار کەمئەندام دووبارە بچنەوە بەردەم ئەو لیژنەیە".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم پرۆسەیە ئەگەر دووبارە بکرێتەوە ماوەیەکی زۆری دەوێت تا کارەکانی ئەم لیژنەیە تەواو دەبێت، هەرچەند لە ئێستادا پسووڵەیەکی پارە وەرگرتن بە کەمئەندامان دراوە بەڵام کەس نازانێ کەی مووچەیە و چۆنە و لەکوێ دەدرێ، لەئێستادا هیچ ئومێدێک نیە کە مووچەی کەمئەندامان دابەش بکرێت.

سەبارەت بەوەی چوونە بەردەم لیژنەکە چ ئاستەنگیەک بۆ خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان دروست دەکات سامان حسێن، بە وێستگە نیوز-ی وت، "هەر چوونە بەردەم لیژنەکە ماندووبوونێکی گەورەیە لەبەرئەوەی کەمئەندام پارەی پێ نیە و ئەبێ قەرزی بۆ بکات و ئەو چاوەڕوانیەش بۆ کەمئەندامان نیگەرانیەکی گەورەیە نازانین هەتا کەی کۆتایی پێ نایەت".

وتیشی: "مووچەی کەمئەندامان ئەوەندە زۆر نیە کە حکومەت نەتوانێت بیدات رۆژانە دەیان پارەی وا بەهەدەر دەڕوات، سەدان و هەزاران خانەنشینن نایاسایی بوونیان هەیە، هەر دوێنێ پەرلەمانتارێک لیستێکی 400 کەسی بڵاوکردەوە کە بە نایاسی خانەنشین کراون، پێویستە لیژنە لەسەر ئەوانە پێکبهێنرێت".

"پێویستە رێکخراوەکانی دیکەش بێنە سەر خەت، ئەمە شەرمە کە ئەوان بێدەنگیان هەڵبژاردووە، ئەبێ لەمە زیاتر سوکایەتی چیترهەبێت بەرامبەر کەمئەندامان بکرێت کە تا ئێستا ئەو رێکخراوانە هەڵوێستان نیە". سامان حسێن وای وت.

ش. ر


PM:02:00:29/08/2019




ئه‌م بابه‌ته 5208 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو