ئیسرائیل پێگەی فەیلەقی قودسی لە دیمەشق بۆردوومانکرد

‌ئاسمانی دیمەشق کاتی ئەنجامدانی هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل

وێستگه‌ نیوز ـ
ئیسرائیل ناوچەیەکی لە دیمەشقی پایتەختی سوریا بۆردوومانکرد و رایگه‌یاندووه‌ كه‌ باره‌گای فه‌یله‌قی قودسی سه‌ر به‌ سوپای پاسداران بووه‌، سوپای سوریاش زانیاری له‌ باره‌ی هێرشه‌كه‌وه‌ ده‌دات.


میدیای فەرمی سوریا ئەمڕۆ یەکشەممە 25ی ئابی 2019 بڵاویکردەوە، هێزی بەرگریی ئاسمانی سوریا رووبەڕووی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بووەتەوە.

هاوكات سوپای ئیسرائیل لەبارەی بۆردوومانەکە رایگەیاندووە، چەند پێگەیەکیان لە شارۆچکەی عەقرەبای غوتەی دیمەشق بۆردوومانکردووە، بۆردوومانەکە "بۆ رێگری بووە لە فەیلەقی قودسی ئێرانی لە هەر هێرشێک بۆ سەر ئیسرائیل".

فەیلەقی قودس، یەکەیەکی تایبەتی سوپای پاسدارانی ئێرانە و بەرپرسە لە ئۆپەراسیۆنەکان لە دەرەوەی ئێران، فەرماندەی ئێستای فەیلەقی قودس قاسم سولەیمانییە. زانیاریی کەم لەبارەی فەیلەقی قودس هەیە و لە ساڵی 2007ـدا ژمارەی سەربازانی بە 18 هەزار مەزەندە کراوە.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بۆردوومانەکەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند لە ئۆپەراسیۆنێکی گەورەدا، فەیلەقی قودسیان لە دیمەشق بۆردوومان کردووە.

ناتانیاهۆ لە توویتەر نووسیویەتی: "رێنماییم بە هێزە ئەمنییەکان داوە بۆ هەموو سیناریۆیەک ئامادەبن، بەردەوامیش دەبن لە کارەکانیان دژی ئێران و دامەزراوەکانی سەر بەو وڵاتە، ئامانجیش پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیلە".

لە چەند مانگی رابردوو زیاتر لە پێنج جار ناوچە جیاوازەکانی سوریا لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلەوە بۆردوومانکراون.

‌هەر بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە ناوچەکانی باشووری بەیرووتی لوبنان بیستراوە و حیزبوڵاش دەڵێت دوو فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئیسرائیلییان تێکشکاند.

بەرپرسێکی حیزبوڵای لوبنانی رایگەیاندووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ توانیویانە دوو فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئیسرائیل تێکبشكێنن، کەوتنی فڕۆکەکان هۆکاری تەقینەوەکان بووە، لەبەرامبەردا ئیسرائیل هیچی لەسەر هێرشەکەی بەیرووت بڵاونەکردووەتەوە.

هــ. ر


AM:09:42:25/08/2019


ئه‌م بابه‌ته 2128 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو