له‌ داقووق دەستڕێژی گوللـە لە هاوڵاتییان کراو بارەگایەکی حه‌شدیش درایە بەر هاوەن


وێستگه‌ نیوز ـ
شەوی رابردوو چەند چەكدارێكی نەناسراو دەستڕێژی گولـلەیان لە ژمارەیەك ھاوڵاتی داقووق كرد و چەند مووشەكێكیش ئاراستەی بارەگای حەشدی شەعبی كران، لە ئەنجامدا ژمارەیەك كەس كوژران و برینداربوون.


میدیاكانی نزیك له‌ پارتی له‌ زاری سەرچاوەیەكی پۆلیسی داقووقه‌وه‌ بڵاویان كردووه‌ته‌وه‌: "درەناگانی شەوی رابردوو ژمارەیەک هاوڵاتی لە یاریگایەکی قەزای داقووق، لەلایەن ژمارەیەک چەکداری نەناسراو درانە بەر دەستڕێژی گولـلە، دوای ئەو هێرشە چەکدارییە چەند مووشەکێک ئاڕاستەی بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە نزیک ئیمام زەین عابدین كران".

بەگوێرەی سەرچاوە پزیشکییەکانی داقووق بەهۆی ئەو هێرشەوە پێنج کوژراو و ژمارەیەک بریندار گەیەنراونەتە نەخۆشخانەی داقووق کە کوژراوەکان چەكدارانی حەشدی شەعبین.

لەسەر ئەم رووداوە لایەنە ئەمنییەکان دەڵێن، هێرشەکە داعش ئەنجامیداوە و دوای دەستڕێژی گولـلە ژمارەیەک هاوڵاتی مەدەنی کە سەرقاڵی یاریکردن بوون، دواتر چەند گولـلە ئاربیجییەکیشیان ئاڕاستەی ئیمام زەین عابدین کردووە، بەڵام هاوڵاتیانی داقووق گومانیان هەیە هێرشەکە پەیوەندی بەداعشەوە هەبێت، چونکە دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێزیان لە نزیک بارەگاکانی حەشدی شەعبی بیستووە، کە گومان دەکرێت لەلایەن فڕۆکەوە بۆردوومان کرابن.

دوای رووداوەکە هێزێکی زۆری ئەمنی چوونەتە شوێنەکە و پشتێنەی ئەمنییان درووستکردووە، لەکاتی گەیشتنی هێزەکەش دەنگی تەقەیەکی زۆری هەڕەمەکی بە ئاراستەی ئەو چەکدارانە کراوە کە هێرشەکەیان ئەنجامداوە.

هــ. ر


AM:08:47:25/08/2019














ئه‌م بابه‌ته 2372 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو