كچه مۆدێلێك دیوانی وه‌قفی سوننه‌ی عیراقی توڕه‌كرد
جیهان هاشم، كچه مۆدێلی عیراقی
وێستگه نیوزـ
كچه مۆدێلێكی عیراقی به‌ناوی جیهان هاشم، چه‌ند وێنه‌یه‌كی له‌ناو مزگه‌وتێكی به‌غدا گرت، دیوانی وه‌فقی سوننه‌ش به به‌یاننامه‌یه‌كی "توڕه" وه‌ڵامی دایه‌وه.
جیهان هاشم، كچه مۆدێلی عیراقی له هه‌ژماری خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی ئینستاگرام، چه‌ند وێنه‌یه‌كی نوێی بڵاوكرده‌وه كه له مزگه‌وتی "ندا‌ء الاسلام" له شاری به‌غدا گرتویه‌تی.
جیهان له‌سه‌ر وێنه‌كانی له مزگه‌وته‌كه نوسیویه‌تی: "ئایینی ئیسلاممان، ئایینی خۆشه‌ویستی و ئاشتی و لێبوردنه" و زانیاریشی له‌سه‌ر مزگه‌وتی "ندا‌ء الاسلام" نوسیوه كه روبه‌ری گشتیی 5 هه‌زار مه‌تر چوارگۆشه‌یه و جێگای سێ هه‌زار نوێژخوێنی تێدا ده‌بێته‌وه.
وێنه‌كانی جیهان دیوانی وه‌قفی سوننه‌ی عیراقی توڕه كرد و له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاندوه كه سكاڵای یاسایی له‌سه‌ر ئه‌و كچه مۆدێله تۆمار ده‌كه‌ن.
هاوكات عه‌بدوله‌تیف هومه‌یم، سه‌رۆكی دیوانی ناوبراو داوایكردوه لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه به سه‌رۆكایه‌تیی ته‌ها عه‌بد مه‌روزق و ئه‌ندامێتی ژماره‌یه‌ك پیاوانی ئایینی له گرتنی ئه‌و وێنانه له‌ناو مزگه‌وته‌كه‌دا پێكبهێنرێت، چونكه خانمه‌كه له‌كاتی دوامی فه‌رمیدا چوه‌ته ناو مزگه‌وته‌كه‌وه و ئه‌مه‌ش به‌پێی به‌یاننامه‌كه، پێشێلكردنی یاسایه.
دیوانی وه‌قفی سوننه راشیگه‌یاندوه كه "مزگه‌وت شوێنی خوا په‌رستیه، نه‌ك وێنه‌گرتن و خۆده‌رخستن".
پێشتریش جیهان سه‌ردانی شاری هه‌ولێری كردوه و چه‌ند وێنه‌یه‌كی به جلی كوردییه‌وه له‌سه‌ر قه‌ڵای هه‌ولێر و ناوچه‌كانی پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان گرتوه و له هه‌ژماری خۆی بڵاویكردونه‌ته‌وه و زانیاریشی له‌سه‌ر شاری هه‌ولێر نوسیوه، هه‌ر له هه‌ژماره‌كه‌ی چه‌ندین وێنه‌ی دیكه‌ی بڵاوكردوه‌ته‌وه.
PM:10:35:24/08/2019
ئه‌م بابه‌ته 5112
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت