مالیکی هەرەشە لە ئیسرائیل دەکات


وێستگە نیوز -

نوری مالیکی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا هۆشداریدا لەوەی عێراق بكرێتە ململانێی نێوان زیاتر لە وڵاتێك و دەڵێت، هەر كاتێكیش سەلمێندرا ئیسرائیل دەستی لە  بۆردومانكردنی سەربازگەكان هەیە، عێراق وەڵامی تووندی دەبێت.

مالیکی ئاشکراشی کرد، ژمارەی راستەقینەی ئەو جبەخانە و سەربازگانەی بۆردوومان کراون ئاشکرا نەکراون، لە کاتێکدا زیاتر لە دوازده‌ پێگە تەقێنراونەتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمزی ئه‌مەریكی، له‌زاری چه‌ند به‌رپرسێكی ئه‌منی ئیسرائیلی و ئه‌مەریكی ئاشكرای كردووه،‌ فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی ئیسرائیل جبه‌خانه‌كانی حه‌شدی شه‌عبیان له‌ عێراق كردووه‌ته‌ ئامانج، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئێران ئه‌و جبه‌خانانه‌ به‌كاردێنێت بۆ هه‌ڵگرتنی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و پاشان ده‌یانگوازێته‌وه‌ بۆ سووریا.

پرسی هیرشکردنە سەر کۆگاکانی حەشدی شەعبی، بووەتە باسێکی گەرمی عێراق، حکوومەت داوای پاراستنی سەروەری وڵاتەکەی دەکات و ئێرانیش هەڕەشە دەکات، ئیسرائیلیش سوورە لەسەر هێرشکردنە سەر بنکەیەکی ئێران کە بە هەڕەشە بۆخۆی بزانێت.

رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمزی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا باس لە هێرشی سەر بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە عێراق دەکات و دەڵێت، هێرشەکە لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەنجامدراوە.

رۆژنامەکە پشتی بە زانیاریی چەند بەرپرسێک بەستووە و رایگەیاندووە، ئەو شوێنەی کراوەتە ئامانج کۆگایەکی چەک بووە کە لەلایەن ئێرانەوە بۆ گوێزانەوەی چەک بۆ سووریا کەڵکی لێوەرگیراوە. 

لەماوەی مانگی رابردوودا چەند هێرشی دیکە کراونەتە سەر کۆگاکانی چەکی میلیشیا عێراقییەکانی سەر بە ئێران و هێشتا دیارنییە چ لایەنێک ئەو ‌هێرشانەی ئەنجامداوە، بەڵام بە گوێرەی راپۆرتەکەی نیویۆرک تایمز هێرشی ئەم دواییە لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەنجامدراوە. 

چوارشەمەی رابردووش ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی ئەمریكای بە هێرشكردنی سەر بارەگاكانی حەشدی شەعبی تۆمەتباركرد.
دوێنێ پێنجشەممە، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق رایگەیاند "لیژنە هونەرییەكان بەردەوامن لە لێكۆڵینەوەكانی تەقینەوەی جبەخانەكەی سەر بە حەشدی شەعبی لە بەغدا، سەرەڕای سەربازگەی ئامرلی، پێشبینیش دەكات لە چەند رۆژی داهاتوو ئەنجامەكان دەربكەون و لەبەردەم فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان بخرێنەڕوو".


PM:04:20:23/08/2019


ئه‌م بابه‌ته 2828 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو