گورپێكی حه‌شدی شه‌عبی هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئه‌مریكا ده‌كات


وێستگه‌ نیوز ـ
حزبوڵای عیراقی كە گرووپێكی سەر بە حەشدی شەعبییە لە راگەیاندراوێكدا، ئاماژەی بەوەداوە ئەمریكا بەردەوام كار بۆ لاوازكردنی هێزە عیراقییەكان دەكات و لەو چوارچێوەیەشدا بەردەوام و بەشێوەیەكی راستەوخۆ بنكە و بارەگا و سەربازگەكانی حەشدی شەعبی دەكات ئامانج.


لە بەشێكی تری راگەیاندراوەكەیدا، حزبوڵای عیراقی هەڕەشەی توندی لە ئەمریكا كردووە و رایگەیاندووە، ئەگەر لە بەزووترین كات ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پەلامار و هێرشەكانی بۆ سەر حەشدی شەعبی رانەگرێت ئەوا لە بەرامبەردا ئەوانیش وەڵامی توندیان دەبێت و بنكەكانی ئەمریكا لە عیراق و ناوچەكەش دەكەن ئامانج.

هاوكات ئەو گرووپەی سەر بە حەشدی شەعبی داوای لە حكومەتی عیراق كردووە هەڵوێستێكی توندی بەرامبەر بەو پەلامارانەی ئەمریكا هەبێت و رێگا نەدات بە هیچ هێزێكی دەرەكی سەروەری خاكی عیراق پێشێل بكات.

ئەوەش لەکاتێکدایە شەوی‌ 19ی‌ تەمموزی‌ 2019، فڕۆکەیەکی‌ بێفڕۆکەوان سەربازگەیەکی‌ حەشدی‌ شەعبی لە سنوری‌ قەزای‌ دوزخورماتوو کردە ئامانج و بەو هۆیەشەوە دوو چەکداری‌ حەشدی‌ شەعبی برینداربوون.


PM:01:43:23/08/2019


ئه‌م بابه‌ته 1820 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت