په‌رله‌مانتارێكی نه‌وه‌ی نوێ: خه‌ریكه‌ په‌رله‌مان گه‌وره‌ترین ئه‌ركی خۆی له‌ ده‌ست ده‌دات

‌بینای پەرلەمانی کوردستان

وێستگه‌ نیوز ـ

په‌رله‌مانتارێكی فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ ره‌خنه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌گرێت و رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان نه‌توانێت لێپرسینه‌وه‌ بكات له‌ پێشێلكردنی یاساكانی، ئەوکات گەورەترین ئەرکی کاری خۆی لە دەست دەدات.


مەم بورهان قانع، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: "ئەگەر پەرلەمانی كوردستان نەتوانێت لێپرسینەوە بكات لە پێشێلكردنی یاساكانی، ئەوا گەورەترین ئەركی كاری پەرلەمانیی لەدەستدەدات و بەمەیش ئەم دەسەڵاتە (كە دەبێت تێكەڵەبێت لە دەسەڵاتی یاسادانان و چاودێریكردن)، كۆڵەكەیەكی سەرەكیی لەدەستدەدات، كە ئەویش "چاودێریكردن"ە، وەكچۆن لە خولەكانی پێشودا، ئەو كۆڵەكەیە بەلەقی بوبوە راگر و نیگەرانم لەوەی لەم خولەی ئێستای پەرلەمان دا، بەتەواوی ئەم كۆڵەكەیە بكەوێت".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ئه‌وه‌شی وتووه‌: "دەربارەی ئەو پڕۆژە چاكسازییەیشی كە بڕیارە بۆ وەرزی نوێی دانیشتنەكانی پەرلەمان بگاتە دەستی پەرلەمانتارانی كوردستان و پڕۆژەی هاوبەشی "پارتی" و "یەكێتیی" و "گۆڕان"ە، كە سێ‌ گەورەترین فراكسیۆنی ناو پەرلەمان-ن، ئەگەر لەم چاكسازییەدا، لە سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت و وەزیرەكانەوە دەست بە چاكسازیی و كەمكردنەوەی خەرجییەكانیان و بارگرانیی سەر داهاتی گشتیی نەكرێت و زامنی شەفافییەتی دارایی و  فرۆشتنی نەوت نەكرێت، بەهایەك نامێنێتەوە بۆ چاكسازیی لە هەرێمی كوردستان دا".

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ بڕیاره‌ له‌ مانگی داهاتووه‌وه‌ ده‌ست به‌ دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان و وه‌رزی نوێی یاسا دانان بكرێته‌وه‌، یه‌كێك له‌و پڕۆژه‌ یاسایه‌نه‌ش كه‌ ده‌هێنرێته‌ په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ یاسای چاكسازییه‌.

هــ. ر


PM:12:06:23/08/2019


ئه‌م بابه‌ته 2632 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو