سه‌رۆكی په‌رله‌مان بۆچوونی‌ خۆی‌ له‌سه‌ر پرسی‌ راده‌ستكردنی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێم به‌ به‌غدا راگه‌یاند


وێستگه‌ نیوز –
سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان رایگه‌یاند كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و بیرۆكه‌یه‌دایه‌ كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم بڕی 250 هه‌زار به‌رمیل  نه‌وت راده‌ستی حكومه‌تی عیراقی فیدراڵ بكات، به‌مه‌رجێك حكومه‌تی عیراق شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێم و خه‌رجی كۆمپانیاكان له‌ ئه‌ستۆ بگرێت.

سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ "ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 22ی ئابی 2019 د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مان، پێشوازیی له‌ جه‌یمس پورنتۆن كۆنسوڵی گشتی به‌ریتانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد".

له‌دیدارێكدا جه‌یمس پورنتۆن، كونسوڵی گشتی به‌ریتانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان،  پیرۆزبایی له‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان كرد به‌بۆنه‌ی ده‌ست به‌كاربوونی له‌ پۆسته‌كه‌یدا و هیوای خواست له‌ماوه‌ی ده‌ست به‌كاربوونی وه‌ك كونسوڵی گشتی به‌ریتانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و وڵاتی به‌ریتانیا  زیاتر به‌ره‌وپێش بچێت.

لای خۆیه‌وه‌  د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، وێرای به‌خێرهێنان و پیرۆزبایی له‌ ده‌ستبه‌كاربوونی وه‌ك كونسوڵی نوێی به‌ریتانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان، باسی له‌ هه‌نگاوه‌ یاساییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان كرد بۆ به‌خشینی چوارچێوه‌یه‌كی یاسایی به‌ كارنامه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم و جه‌ختی له‌ هه‌ماهه‌نگی نێوان په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد بۆ ئه‌نجامدانی چاكسازییه‌كی گشتگیر له‌ هه‌موو سێكته‌ره‌كان و رێكخسته‌وه‌ی باج به‌شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌ و یه‌كسان به‌بێ جیاوازی و له‌ چوارچێوه‌ی یاسا.

سه‌باره‌ت به‌ پرسی نه‌وت  سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان وتی‌: "وه‌ك سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ ئه‌و بیرۆكه‌یه‌م  كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕی 250 هه‌زار به‌رمیل  نه‌وت راده‌ستی حكومه‌تی عیراقی فیدراڵ بكات ، به‌مه‌رجێك حكومه‌تی عیراق شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێم و خه‌رجی كۆمپانیاكان له‌ ئه‌ستۆ بگرێت".

وتیشی‌: "پشتگیری له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین بۆ ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی گرتوویانه‌ته‌‌ به‌ر بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ و گرفته‌كان له‌ گه‌ڵ حكومه‌تی عیراقی‌ فیدراڵ، و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ و گرفته‌كانی نێوان هه‌ردوولا به‌ رێگه‌ی دیلۆگ و لێك تێگه‌یشتن له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عیراقی فیدراڵ".

له‌ كۆتاییشدا سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان  به‌ وردی دۆخی ئابووری و سیاسی هه‌رێمی كوردستان و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و ئه‌و رێكارانه‌ی كه‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامی داون له‌ چوار چێوه‌ی ده‌ستووری عراقی فیدراڵ شیكرده‌وه‌.


PM:11:01:22/08/2019






ئه‌م بابه‌ته 3052 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت