پنتاگۆن وه‌ڵامی ئەبومەهدی موهەندیس دەداتەوە


وێستگه‌ نیوزـ

وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مریكا رایگه‌یاند: ئه‌مریكا به‌هیچ جۆرێك له‌و ته‌قینه‌وانه‌ به‌رپرس نییه‌ كه‌ له‌ جبه‌خانه‌ی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی له‌ عیراق رویانداوه‌.

سایتی كه‌ناڵی جزیره‌ له‌زاری شۆن رۆبرتسن، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مریكا (پنتاگۆن) بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مریكا هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌و ته‌قینه‌وانه‌وه‌ نییه‌ كه‌ له‌ماوه‌ی رابردوودا له‌ جبه‌خانه‌كانی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی له‌ عیراق رویانداوه‌.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 21ی ئابی 2019، ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس، جێگری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند: دوژمنانی عیراق دوباره‌ پیلان به‌شێوازی جیاجیا بۆ به‌ ئامانجكردنی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی داده‌نێنه‌وه‌، ئه‌مریكا كه‌ هاوكاربووه‌ له‌ هێنانی گروپه‌ تیرۆرستییه‌كان بۆ عیراق و ناوچه‌كه‌، ئێستا به‌جۆرێكی دیكه‌ سه‌روه‌ریی خاكی عیراق ده‌به‌زێنێ و حه‌شدی شه‌عبی ده‌كاته‌ ئامانج.

ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس راشیگه‌یاندبوو: زانیاریی پشتڕاستكراوه‌یان لایه‌، ئه‌مساڵ ئه‌مریكا چوار فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانیی ئیسرائیلیی له‌رێگه‌ی ئازه‌ربایجانه‌وه‌ خستوه‌ته‌ناو هێزه‌كانی خۆی و له‌ فڕین به‌سه‌ر باره‌گا سه‌ربازییه‌كانی عیراقدا به‌شدارییان پێ ده‌كات.


PM:08:57:21/08/2019


ئه‌م بابه‌ته 5776 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت