خه‌زێنه‌ له‌سه‌ر دابه‌شنه‌كردنی مووچه‌ روونكردنه‌وه‌ ده‌دات

‌دابەشکردنی مووچە راگیراوە

وێستگه‌ نیوز ـ هه‌ستیار

به‌ڕێوه‌به‌ری گه‌نجینه‌ی یه‌ك له‌ سلێمانی روونكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر دابه‌شنه‌كردنی مووچه‌ ده‌دات و رایده‌گه‌یه‌نێت تا وه‌زاره‌تی دارایی رایان نه‌سپێرێت ئه‌وان ده‌سه‌ڵاتی دابه‌شكردنی مووچه‌یان نییه‌.


به‌هۆی دواكه‌وتنی بڕی 454 ملیار دیناره‌كه‌ی به‌غدا، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 21ی ئابی 2019، مووچه‌ی هیچ فه‌رمانگه‌یه‌ك دابه‌ش نه‌كرا، له‌و باره‌وه‌ حه‌سه‌ن ره‌شید، به‌ڕێوه‌به‌ری گه‌نجینه‌ی یه‌ك له‌ سلێمانی به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: وه‌زاره‌تی دارایی هیچ ئاگادارییه‌كی نه‌كردوونه‌ته‌وه‌ بۆ دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی ئایاری فه‌رمانبه‌ران و ئه‌مڕۆ مووچه‌ی هیچ شوێنێكیان دابه‌ش نه‌كرد.

وتیشی: "تا ئێستاش بۆ سبه‌ینێ پێنجشه‌ممه‌ 22ی ئابی 2019، وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری هه‌رێم هیچی پێنه‌تووین، بۆیه‌ سبه‌ینێش مووچه‌ دابه‌ش ناكه‌ین".

پێشتر شیروان میرزا، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاندبوو: حكومەتی عیراق، رۆژی 17ی هەموو مانگێك دەست بەدابەشكردنی مووچەی فه‌رمانبه‌ران دەكات، مووچەی هەرێمیش لەو چوارچێوەیەدایە، بەڵام سێ مانگە بەبەردەوامی نادرنی پارەكە بۆ هەرێم دوادەكەوێت.

به‌ وته‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌، "پارەی بەغدا دەخرێتە سەر حسابی بانكی حكومەتی هەرێم لەلقی هەولێری بانكی ناوەندی، بەڵام تا ئێستا ئەو هۆكارە لەلایەن وەزیری داراییەوە نەخراوەتەڕوو كە هۆكاری دواكەوتنی ناردنی پارەكە بۆچی دەگەڕێتەوە".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ كه‌له‌ فراكسیۆنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانیشه‌ ره‌تی ده‌كاته‌وه‌ هیچ هۆكارێكی سیاسی لەپشت دواكەوتنی ناردنی مووچەوە هەبێت ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ هۆكاری ته‌كنیكییه‌.

له‌ پێش جه‌ژنی قوربان و دوای جه‌ژنیش چه‌ند وه‌زاره‌تێكی كه‌م مووچه‌یان وه‌رگرتووه‌، تا ئێستاش پاره‌كه‌ی به‌غدا بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم نه‌گه‌یشتووه‌.


PM:08:35:21/08/2019


ئه‌م بابه‌ته 15840 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو