په‌رله‌مانتارێك: دواكه‌وتنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هەرێم له‌ به‌غداوه‌ ته‌كنیكییه‌


وێستگه‌ نیوز ـ هه‌ستیار

ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق هۆكاری دواكه‌وتنی ناردنی پاره‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌ لایه‌ن به‌غداوه‌ ئاشكرا ده‌كات و راشیده‌گه‌یه‌نێت، حكومه‌تی عیراق رۆژی 17ی هه‌موو مانگێك مووچه‌ دابه‌ش ده‌كات.


شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: حكومەتی عیراق، رۆژی 17ی هەموو مانگێك دەست بەدابەشكردنی مووچەی فه‌رمانبه‌ران دەكات، مووچەی هەرێمیش لەو چوارچێوەیەدایە، بەڵام سێ مانگە بەبەردەوامی نادرنی پارەكە بۆ هەرێم دوادەكەوێت.

به‌ وته‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌، "پارەی بەغدا دەخرێتە سەر حسابی بانكی حكومەتی هەرێم لەلقی هەولێری بانكی ناوەندی، بەڵام تا ئێستا ئەو هۆكارە لەلایەن وەزیری داراییەوە نەخراوەتەڕوو كە هۆكاری دواكەوتنی ناردنی پارەكە بۆچی دەگەڕێتەوە".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ كه‌له‌ فراكسیۆنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانیشه‌ ره‌تی ده‌كاته‌وه‌ هیچ هۆكارێكی سیاسی لەپشت دواكەوتنی ناردنی مووچەوە هەبێت ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ هۆكاری ته‌كنیكییه‌.

له‌ پێش جه‌ژنی قوربان و دوای جه‌ژنیش چه‌ند وه‌زاره‌تێكی كه‌م مووچه‌یان وه‌رگرتووه‌، تا ئێستاش پاره‌كه‌ی به‌غدا بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم نه‌گه‌یشتووه‌.

بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ وێستگه‌ نیوز په‌یوه‌ندی به‌ حه‌سه‌ن ره‌شید، به‌ڕێوه‌به‌ری گه‌نجینه‌ی یه‌كی سلێمانییه‌وه‌ كرد بۆ دابه‌شكردنی مووچه‌ی سبه‌ینێ چوارشه‌ممه‌ 21ی ئابی 2019، به‌ڵام ناوبراو رایگه‌یاند كه‌ تا ئێستا ناوی هیچ وه‌زاره‌تێكیان پێنه‌دراوه‌ بۆ دابه‌شكردنی مووچه‌ی سبه‌ینێ.


PM:09:14:20/08/2019


ئه‌م بابه‌ته 14012 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو