عه‌مید یه‌حیا ره‌سوڵ شوێنی‌ شانه‌ نووستووه‌كانی‌ داعشی‌ راگه‌یاند


وێستگه‌ نیوز -
وته‌بێژی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی عیراق رایگه‌یاند كه‌ جموجوڵی شانه‌ نوستووه‌كانی داعش له‌ باشووری پارێزگای نه‌ینه‌وا و ناوچه‌ سنوورییه‌كانی نێوان عیراق و سوریا هه‌یه‌ و له‌ دوو رۆژی رابردوودا، دوو ئۆپه‌راسیۆنیان ئه‌نجامداوه‌.

عه‌مید یه‌حیا ره‌سوڵ وته‌بێژی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی عیراق رایگه‌یاند كه‌ "له‌ دوو رۆژی رابردوودا، دوو ئۆپه‌راسیۆنمان دژبه‌ شانه‌ نوستووه‌كانی داعش له‌ سنووری موسڵ ئه‌نجامداوه‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كانیش ئامانجی خۆیان پێكاوه‌".

عه‌مید یه‌حیا ره‌سوڵ بۆ ئاژانسی ئه‌نادۆڵ وتی: "دۆخی ئه‌منی پارێزگای نه‌ینه‌وا له‌ژێر كۆنتڕۆڵی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عیراقدایه‌ و له‌ سایه‌ی بوونی هێزه‌كانمان ره‌وشی ئه‌منی جێگیره‌".

وتیشی‌: "به‌رده‌وام له‌ چاودێریكردنی جموجوڵه‌كانی شانه‌ نوستووه‌كانی داعشین و رێگه‌ ناده‌ین زیان به‌ خه‌ڵكی سڤیلی سنووره‌كه‌ بگه‌یه‌نن".

وته‌بێژی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی عیراق، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ "به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی له‌ به‌رده‌ستی ئێمه‌دایه‌ وه‌ك فه‌رمانده‌یی هاوبه‌شی عیراق، شانه‌ی نوستووی داعش له‌ باشووری موسڵ و ناوچه‌ سنوورییه‌كانی نێوان عیراق و سوریا هه‌یه‌".

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ "ئه‌و شانه‌ نووستووانه‌ به‌ شێوه‌ی گرووپی پێنج كه‌سی چالاكی تیرۆریستی ئه‌نجام ده‌ده‌ن و پشێوی ده‌نێنه‌وه‌ ئه‌مه‌یشیان بۆ بانگه‌شه‌ و راگه‌یاندنه‌كانیانه‌ و له‌ راستیدا توانای هێرشكردنیان نییه‌".

عه‌مید یه‌حیا ره‌سوڵ راشیگه‌یاند كه‌ "دوێنێ ئۆپه‌راسیۆنێكمان له‌ ناوچه‌ی شۆره‌ی سنووری پارێزگای نه‌ینه‌وا دژبه‌ شانه‌ نوستووه‌كانی داعش ئه‌نجامداوه‌ و پێرێش ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌مان له‌ سنووری حه‌مام عه‌لیل بوو و ده‌ستمان به‌سه‌ر كه‌لوپه‌لی داعش گرت و چه‌ند شانه‌یه‌كی نوستووی داعشمان ده‌ستگیركرد".



PM:10:48:19/08/2019


ئه‌م بابه‌ته 2260 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت