پەرلەمانتارێک بەدواداچوون بۆ 20 ملیار دیناره‌كه‌ی "پایته‌خی رۆشنبیری" ده‌كات

‌دیمەنێک لە شاری سلێمانی

وێستگه‌ نیوز ـ
په‌رله‌مانتارێكی فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ باس له‌و 20 ملیار دیناره‌ ده‌كات كه‌له‌ ساڵی 2013 دا بۆ مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی تایبه‌ت به‌ ژێرخانی كلتووری "پایته‌ختی رۆشنبیری" شاری سلێمانی ده‌كات و ده‌شڵێت، لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌كه‌ن له‌ به‌شێكی ئه‌و پاره‌یه‌ كه‌ خه‌رج كراوه‌.


مه‌م بورهان قانع، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكی رۆژنامه‌وانیدا كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ وێستگه‌ نیوز ناردووه‌، تیایدا ده‌ڵێت: "ئەو 20 ملیار دینارەی  لە ساڵی 2013دا بە بڕیاری پەرلەمانی كوردستان و بۆ  مەبەستی جێبەجێكردنی پڕۆژەی تایبەت بە ژێرخانی كولتوریی (پایتەختی رۆشنبیری)  هەرێمی كوردستان خه‌رجكراوە، بەشێكی وردەكاریی خه‌رجكردنی پارەی ئەو 20 ملیارد دینارە (بە داتاوە) لەبەردەستی مندایە و تێبینیشم لەسەر وردەكارییەكەی هەیە و بەشێكی ئەم تێبینییانەیشم خستوەتە بەردەمی لیژنەی رۆشنبیریی و كۆمەڵگەی مەدەنیی و وەرزش و لاوان لە پەرلەمانی كوردستان".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌: "لەمبارەیەوە، رۆشنبیران و هونەرمەندان و رۆژنامەنووسان و هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان دڵنیادەكەمەوە، وەك ئەندامێكی پەرلەمان و ئەندامی لیژنەی رۆشنبیریی و كۆمەڵگەی مەدەنیی و وەرزش و لاوان، بەردەوامدەبم لەسەر بەدواداچوونەكانم سەبارەت بە وردەكارییەكانی تایبەت بە چۆنێتیی سەرفكردنی ئەم 20 ملیار دینارە بۆ (پایتەختی رۆشنبیریی) و لێكۆڵینەوەی ورد لەوبارەیەوە".

مه‌م بورهان قانع ئه‌وه‌شی زیاد كردووه‌، "لەرێی لیژنەی رۆشنبیریی و كۆمەڵگەی مەدەنیی و وەرزش و لاوان لە پەرلەمانی كوردستان، ئەم پرسەمان بەهێند وەرگرتوە و لەسەر پێشنیازی من، لیژنەیەكی تایبەتیمان بۆ ئەم كەیسە پێكهێناوە، كە منیش ئەندامم تیایدا و لەگەڵ دەستكردنەوە بە وەرزی نوێی دانیشتنەكانی پەرلەمان، هەنگاوە پراكتیكییەكانی ئەم كارە دەستپێدەكەین و ئەگەر پێویستیشی كرد، بانگێشتی وەزیری رۆشنبیریی و لاوان دەكەم بۆ پەرلەمان".

راشیگه‌یاندووه‌: "نوسەران و هونەرمەندان و تەواوی هاوڵاتیانی كوردستان دڵنیادەكەمەوە، پرسی سەرفكردنی 20 ملیارد دینار بۆ پایتەختی رۆشنبیریی، پرسێكی گرنگە و ناهێڵم وردەكاریی سەرفكردنی ئەو پارەیە، بەبێ‌ چاودێریی و بەدواداچوونی كاری پەرلەمانیی تێبپەڕێت، وەكچۆن تێبینیی زۆر لەوبارەیەوە هەیە و لە داهاتووشدا وردەكاریی هەوڵەكانمان بۆ رایگشتیی كوردستان بڵاودەكەینەوە و ئەگەر پێویستیشی كرد، داوا لە داواكاریی گشتیی و دەستەی دەستپاكیی هەرێم و چاودێریی دارایی هەرێمی كوردستان دەكەم، هاوكارمان بن بۆ سەرخستنی هەنگاوەكانمان".

هــ. ر


PM:12:28:18/08/2019


ئه‌م بابه‌ته 2928 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو