شاسوار عه‌بدولواحید: بە سماقولی و دەربەندیخان و یاریگاکان و شەقامەکانی سلێمانیەوە ناوەستین

‌شاسوار عه‌بدولواحید، سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ

وێستگه‌ نیوزـ

سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ بۆ جاری دووه‌م دوپایتكرده‌وه‌ كه‌ ئاماده‌ن به‌ بڕێكی كه‌متر له‌و بودجه‌كه‌ی بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ تونێلی ده‌ربه‌ندیخان ته‌رخانی كردوه‌، تونێله‌كه‌ نۆژه‌ن بكه‌نه‌وه‌.

شاسوار عه‌بدولواحید، سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 17ی ئابی 2019، راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و ده‌ڵێت: بە سماقولی و دەربەندیخان و یاریگاکان و شەقامەکانی سلێمانیەوە ناوەستین"، ده‌شڵێت: "بەردەوام دەبین و پەلدەهاوێژین، چاوەڕوان".

راشگه‌یاندوه‌: "حکومەت 79 ملیۆن دینار بودجەی تەرخان کردوە تەنها بۆ پڕکردنەوەی چاڵەکان و تەعمیراتی جادەی تونێلەکە!!! وە لە ماوەی 7 بۆ 10 رۆژ تەواوی دەکەن بە وتەی خۆیان(کە دڵنیام رەنگە زیاتریشی پێ بچێت)."

سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ ده‌ڵێت: تیمی ئەندازیاری نەوەی نوێش تێچونی تەواوی چاککردنی شەقام و پڕکردنەوە و سەرلەنوێ قیرتاوکردنی شەقامەکە و بۆیاخو چاککردنی دیوار، لەگەل روناکی ناو تونێلەکە، هەموی بە 62 ملیۆن دینار خەمڵاندووە (وە هەموو ئەم کارانە رامان گەیاند بوو کە لە ماوەی پێنج رۆژدا ئەنجامی دەدەین)، خۆ ئەگەر تەنها چاککردنی چاڵەکان بوایە و ئەو نۆژەنە بوایە کە حکومەت ئەمڕۆ دەستی پێ کردوە، ئەوا هەموی کەمتر لە 12 ملیۆن دیناری تێ دەچوو!!!"

شاسوار عه‌بدولواحید رونیكردوه‌ته‌وه‌ و ده‌ڵێت: ئەمە بۆ باس دەکەین؟ تاوەکوو هەمووان بزانن کە چۆن چەند ساڵە پارەی ئەم میلەتە دەفەوتێت، کە چۆن کاتی پرۆژەکان درێژ دەکرێنەوە و کاتی خەڵک دەکوژن، کە چۆن پرۆژەکان تەنها پینەوپەڕۆی دەکەن و پارەیەکی زۆری لێ دەخۆن، ئێمە ئێستا لە حکومەت نین، دەسەڵات و پارە و بودجەمان لە بەردەست نیە تاوەکوو جیاوازی خۆمان و ئەم دوو حیزبەی دەسەڵاتان نیشان بدەین، بەڵام بەم ئیمکانیەتە کەمەوە دەمانەوێت نیشانی خەڵکی بدەین کە ئێمە چیمان پێ دەکرێت؟ وە چۆن ئەو پرۆژانەی ماوەیەکی زۆرە خەڵکی دەناڵێن بەدەست کەموکورتیەکانیەوە، کەچی هەر کە ئێمە دەڵێین چاکی دەکەین، یەکسەر ئەوانیش دەدەن بە سەریدا و وەک ئەوەی ئێمە چەند ساڵە دەستمان گرتوون و ئێمە ناهێڵین خزمەت بە شار و شارۆچکەکانی هەرێم بکەن.

پێشی وایه‌ "ئێستاش نەچوە بچێت" و  دڵنیایه‌ حکومەت تەواوی تونێلەکە نۆژەن ناکاتەوەو  داواش ده‌كات پرۆژه‌كه‌ بداتە دەست ئه‌وان و ده‌ڵێت: "بزانێت چی لێ دەکەین و چ نمونەیەکی جوان نیشان دەدەین!؟"

شاسوار عه‌بدولواحید ده‌یه‌وێت په‌یامێك بگه‌یه‌نێته‌ هاوڵاتیان و ده‌ڵێت: "لە کۆی ئەمانە دەمانەوێت یەک پەیامی سادە بگەێنینە هاوڵاتی ئاسایی و بەشخوراوی ئەم هەرێمە، ئەویش ئەوەیە کە ئێمە هێزێکی ئۆپۆزسیۆنین، جیاواز کار دەکەین، ململانێ دەکەین لە پێناو خزمەت، لە پێناو دروستکردنی کێبڕکێ لە نێوان ئێمە و دەسەڵاتدا، کە لە کۆتایی هەمو ئەمانە هاوڵاتی براوەی یەکەم دەبێت."

ده‌قی به‌شێكی دیكه‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی شاسوار عه‌بدولواحید:

"پێشتر زۆر جار دەیاندا بە گوێماندا، دەیانوت ئێوە هێزێکی نوێی بێ ئەزمون لە سیاسەت، چیتان پێ دەکرێت؟ ئێوە سەرەتاتانە و دەنگ و کورسی کەمتان هێناوە، چیتان پێ دەکرێت؟ ئێوە چەکتان نیە، چیتان پێ دەکرێت؟

دەزانن چیمان پێ دەکرێت؟دەتوانین فشار لەسەر حکومەت دروست بکەین و ئەوانیش لە رقی ئێمە یان لە ململانێی ئێمە زیاتر خزمەتی ئێوە بکەن، دەتوانین ئەو کێبڕکێیە دروست بکەین کە لە چوار ساڵی رابردوو بە هۆی نەبونی ئۆپۆزسیۆنەوە کێبڕکێ نەمابوو، وە حکومەت بێ باک بوو لە خەڵک و خزمەتی خەڵکی نەدەکرد.

خۆ ئەگەر ئێوەی هاولاتییان متمانەی زیاترمان پێ بکەن و دەنگی زیاترمان بدەنێ، ئەوا لە چوار ساڵی داهاتوو زۆر زۆر لە ئێستا چالاکتر دەبین.

دو وئەگەر هەیە لە چوار سالی داهاتوو، یان دەچینە دەسەڵاتەوە وخۆمان لە رێی حکومەتەوە خزمەتتان دەکەین و خەون و پرۆژەکانمان جێ بە جێ دەکەین! یاخود ئۆپۆزسیۆنێکی زۆر لە ئێستا چالاکتر و بە حەجم گەورەتر دەبین و لە هەردوو حالەتەکەدا تۆی هاوڵاتی براوەی یەکەم دەبیت.

بەلام گەر لە هەمو شت بێهیوا بیت و پێت وابێت ئێمە هیچمان پێ ناکرێت، ئەوا گۆڕەپانەکە تەخت دەکەیت بۆ دەسەلات تا زوڵمی زیاترت لێ بکات و هەروەها زیاتر فەرامۆشت بکات.

بۆیە بێهیوا مەبە و ببە بە بەشێک لەم گۆڕانکارییە نوێیەی هەریمی کوردستان و ئەم هێزە نوێیە جیاوازە گەورەتر بکە و پشتی بگرە،تاوەکوو ژیانی تۆی هاولاتی بگۆڕدرێت و وڵاتەکەمان پێش بخەین و کێشەی ئابوری و موچە و خزمەتگوزاری کۆتایی پێ بهێنین.

لە هەموو دونیای پێشکەوتوو و دیموکراسیدا وڵاتان وا پێش دەکەون، بە دروستکردنی کێبڕکێ لە نێوان هێزە سیاسیەکان، ئەویش لە لایەن هاولاتییانەوە ئەو کێبڕکێ راستەقینەیە دروست دەکرێت،بەوەی کە هەر جارەو دەنگ دەدەن بە لایەک، دەنگ دەدەن بەوەی کە خزمەتیان بکات، وە هێزێک گەر چووە ناو دەسەلات و خزمەتی خەلکی نەکرد، ئەوا هاوڵاتیان جارێکی تر دەنگی نادەنەوە.
تێبینی: وێنەکانی چاککردنەوەکە هی ئەمڕۆیە کە حکومەت بە پاج و خاکەنازەوە خەریکی نۆژەنکردنەوەیە."


PM:09:33:17/08/2019


ئه‌م بابه‌ته 5680 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو