دوو وه‌زاره‌ت كار له‌سه‌ر ئاماده‌كردنی بودجه‌ی 2020ی عیراق ده‌كه‌ن


وێستگه‌ نیوز ـ
لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران، دواین دانیشتن لەسەر شێوازی ئامادەكردنی بودجەی 2020ی عیراق دەكات و ئەندامێكی لیژنەكەش ده‌ڵێت: دوو وەزارەت راسپێدراون بەشێوازێكی نوێ بودجە ئامادە بكەن.


جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق به‌ وێستگه‌ نیوزی راگەیاند: رۆژی 22ی ته‌مموزی2019، دواین دانیشتنیان لەسەر چۆنیەتی ئامادەكردنی بودجەی 2020 كردو تیایدا هەردوو وەزارەتی پەروەردەو تەندروستی راسێپردران بەشێوازێكی نوێ بودجەكە ئامادە بكەن.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ وتیشی: "وەزارەتەكانی دیكەش ئەگەر نەیانتوانی بەشێوازە نوێیەكە بودجە ئامادە بكەن، دەتوانن هاوشێوەی بودجەی ساڵی رابردوو بێت".

له‌ باره‌ی پشكی هه‌رێمه‌وه‌ وتی: "تائێستا باس لە پشكی هەرێم لەبودجەی 2020 نەكراوە، بەڵام وەزارەتی پلاندانان راسپێردراوە كاری لەسەر بكات، رەنگە لەماوەی دوو هەفتەدا هەموو پرۆژەكە ئامادە بكرێت، پاشان رەوانەی سەرۆك وەزیران دەكرێت، ئەوانیش گفتوگۆی لەسەر دەكەن و رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی دەكەن".

به‌ وته‌ی ئه‌و ئەندامەی لیژنەی دارایی، مەرج نییە پشكی هەرێم بەهەمان شێوەی بودجەی 2019 بێت، لەبەرئەوەی هەموو بودجەكە گۆڕانكاری تیادا دەكرێت، تێڕوانینی عەرەبەكانیش جیاوازە، هەندێكیان هاوسۆزن لەگەڵ كورد، هەندێكیان بێلایەن ماونەتەوەو ئەوانەشی بوونەتە ئۆپۆزسیۆن زۆر توندن بەرامبەر بەپشكی كورد.

له‌ یاسای بودجه‌ی ئه‌مساڵی 2019ی عیراق پشكی هه‌رێم مه‌رجدار كرابوو به‌ هه‌نارده‌كردنی بڕی 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌ رێگه‌ی كۆمپانیای سۆمۆوه‌، له‌ حاڵه‌تی ئه‌وه‌ش كه‌ نه‌وته‌كه‌ راده‌ست نه‌كرا، به‌غدا به‌پێی ئه‌و بڕه‌ له‌ پشكی هه‌رێم ده‌بڕێت و ئه‌وه‌ی دیكه‌ ره‌وانه‌ ده‌كات.

هــ. ر


PM:05:14:23/07/2019


ئه‌م بابه‌ته 1960 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو