وه‌زیری به‌رگری ئێران: هێز و وره‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هه‌ر جۆره‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كمان هه‌یه‌

‌وه‌زیری به‌رگری ئێران

وێستگه‌ نیوز -
وه‌زیری به‌رگری كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران رایگه‌یاند كه‌ وڵاته‌كه‌ی‌ هێز و وره‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هه‌ر جۆره‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی هه‌یه‌.

ئه‌میر سه‌رتیپ حاته‌می وه‌زیری به‌رگری كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران له‌ رێوڕه‌سمی كۆتایی دوازده‌هه‌مین خولی كێبڕكێی قورئانی خاتوونانی دامه‌زراوه‌ و دووهه‌مین و یه‌كه‌مین خولی كێبڕكێی بنه‌ماڵه‌ی هێزه‌كانی چه‌كداری، رایگه‌یاند كه‌ "دوژمن ده‌یه‌وێت ئیراده‌ی گه‌لی ئێران لاواز بكات و به‌و تاوانه‌ی‌ ئه‌نجامی ده‌دات، دزه‌ بكاته‌ ناو ریزه‌كانی گه‌له‌وه‌".

ئه‌میر سه‌رتیپ حاته‌می وتی‌: "ئه‌مڕۆ به‌رخۆدان و وره‌ی گه‌ل له‌ سای رێبه‌ریی هوشیارانه‌ی رێبه‌ری باڵا رۆژ به‌ رۆژ تۆكمه‌تر و سه‌قامگیرتر ده‌بێت".

وه‌زیری به‌رگری كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ "له‌ سه‌رجه‌م بواره‌كانی به‌رگری و مووشه‌كی ده‌ریا به‌ ده‌ریا، زه‌وی به‌ زه‌وی، ئاسمان بۆ ئاسمان، زه‌مینی، ده‌ریایی، ئاسمانی، ئه‌لكترۆنیك و بواره‌كانی‌ تر پێشكه‌وتووین".


ئه‌میر حاته‌می به‌ ئاماژه‌ به‌ خستنه‌خواره‌وه‌ی‌ فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وانی ئه‌مریكی له‌ ئاوه‌كانی كه‌نداو رایگه‌یاند كه‌ "وه‌ڵامی زیره‌كانه‌ و هوشیارانه‌ی هێزی چه‌كداری به‌و ده‌ستدرێژییه‌ ئاشكرایه‌، نیشانده‌ری ده‌سه‌ڵاتی ئێرانی ئیسلامییه‌ له‌ كه‌رتی به‌رگری و پاراستن".

باسی‌ له‌وه‌شكرد كه‌ "كۆمه‌ڵه‌ی هێزی چه‌كداری به‌ توانای به‌رهه‌مهێنان و وه‌به‌رهێنانی پێشكه‌وتووترین سیستمی‌ راداری، چه‌كی زیره‌ك و پێشكه‌وتوو به‌ خستنه‌خواره‌وه‌ی‌ فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وانی كه‌مێك له‌ ئاماده‌یی، هوشیاری و ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌ جیهان نیشان دا".

وه‌زیری به‌رگری ئێران راشیگه‌یاند كه‌ "كاتێك ئه‌وان به‌ هه‌ڵه‌ ده‌ست به‌ سه‌ر نه‌وتهه‌ڵگری ئێمه‌دا ده‌گرن، به‌زوویی رووبه‌ڕووی‌ هه‌نگاوی نایاسایی و یاسابه‌زاندنیان له‌ كه‌نداوی فارس ده‌بینه‌وه‌، ئه‌مه‌ش واتای‌ وایه‌ ئێمه‌ هێز و وره‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هه‌ر جۆره‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كمان هه‌یه‌".


PM:01:18:23/07/2019


ئه‌م بابه‌ته 2596 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت