واشنتن پۆست: هه‌زار چه‌كداری داعش له‌ سوریاوه‌ دزه‌یانكردوه‌ته‌ عیراق

‌روخانی داعش لە عیراق

وێستگه‌ نیوزـ

رۆژنامه‌ی واشنتن پۆست هۆشداریی دا له‌ مەترسیی دزه‌كردنی سه‌دان چه‌كداری داعش له‌ خاكی سوریاوه‌ بۆ عیراق و ده‌ڵێت ئه‌و چه‌كدارانه‌ مه‌ترسییه‌كی ئه‌منیی گەورە دروست ده‌كه‌ن.

رۆژنامه‌ی واشنتن پۆست له‌زاری هیشام هاشمی، شرۆڤه‌كانی ئه‌منی كه‌ هاوكات خزمه‌تگوزاریی راوێژكاری پێشكه‌شی حكومه‌تی عیراق و ئاژانسه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی فریاكه‌وتن ده‌كات، بڵاویكردوه‌ته‌وه‌: چه‌كدارانی داعش به‌ ئاستێكی نزم چالاكییه‌كانیان له‌ ناوه‌ڕاست و باكوری عیراق ده‌كه‌ن.

راشیگه‌یاندوه‌ كه‌ له‌ماوه‌ی هه‌شت مانگی رابردودا نزیكه‌ی هه‌زار چه‌كداری توندڕه‌و له‌ سوریاوه‌ ده‌زیانكردوه‌ته‌ خاكی عیراق، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی داعش شارۆچكه‌ی باغوز-ی له‌ خۆرهه‌ڵاتی فورات له‌ مانگی ئازاری رابردوو له‌ده‌ستدا.

به‌پێی رۆژنامه‌كه‌، زۆربه‌ی ئه‌و چه‌كدارانه‌ كه‌ به‌ره‌چه‌ڵه‌ك عیراقین و به‌هۆی شاره‌زاییان به‌ جوگرافیا و تونێل و حه‌شارگه‌كانی ناوچه‌كه‌، په‌یوه‌ندیان به‌ شانه‌ نوستوه‌كانی داعش له‌ ناوچه‌ گوندنیشینه‌كانه‌وه‌ كردوه‌ تا له‌كاتی گونجاودا هێرش بكه‌ن و هێزه‌ ئه‌نییه‌كان و به‌رپرسانی ناوخۆیی ناوچه‌كه‌ بكه‌نه‌ ئامانج.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ عه‌قید سه‌عد محه‌مه‌د، یه‌كێك له‌و ئه‌فسه‌رانه‌ی كه‌ له‌ زۆربه‌ی شه‌ڕه‌كانی داعش به‌شداریی كردوه‌، پێی وایه‌ كه‌ ئه‌و بیابان و ئه‌شكه‌وتانه‌ی داعش خۆی تێدا مه‌ڵاس داوه‌، پێویستی به‌ هێزێكی سه‌ربازیی گه‌وره‌یه‌ تا كۆنتڕڵ بكرێن.

سه‌ركرده‌یه‌كی سه‌ربازیی دیكه‌ی عیراق كه‌ نه‌یسویستوه‌ ناوی ئاشكرا بكرێت رونیكردوه‌ته‌وه‌: كاتێك چه‌كدارانی داعش خۆیان ده‌خزێننه‌ ناوچه‌یه‌ك، تا بتوانن به‌رگرییه‌كی توند ده‌كه‌ن و به‌ئاسته‌م خۆیان راده‌ست ده‌كه‌ن، سه‌ركرده‌یه‌كی دیكه‌ی سه‌ربازیش ئاشكرایكردوه‌ كه‌ به‌مدواییه‌ هه‌لیكۆپته‌رێكی سوپای عیراق پێش نیشتنه‌وه‌ی له‌ نزیك قه‌زای روتبه‌ له‌ پارێزگای ئه‌نبار، به‌ موشه‌ك هێرشیكراوه‌ته‌سه‌ر.

به‌پێی شیكردنه‌وه‌كانی وه‌زاره‌تی به‌رگریی عیراق و شرۆڤه‌كارانی بیانی، زیاتر شانه‌كانی داعش په‌نا بۆ ناوچه‌ دوره‌ده‌ست و گوندنشینه‌كان ده‌به‌ن، ئاماژه‌یه‌كی كز و لاوازیش بۆئه‌وه‌ هه‌یه‌ جارێكی دیكه‌ ئه‌و رێكخراوه‌ بتوانێت شاره‌ گه‌وره‌كان داگیربكاته‌وه‌، به‌ڵام مه‌ترسییه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ ئه‌و چه‌كدارانه‌ پێگه‌كانیان تۆكمه‌تر ده‌كه‌ن و ئاماده‌كاری بۆ شه‌ڕێكی درێژخایه‌ن ده‌كه‌ن.

له‌ مانگی حوزه‌یرانی 2014، چه‌كدارانی داعش له‌ سوریاوه‌ هاتنه‌ شاری موسڵ و ئه‌نبار و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی دیكه‌ی عیراق و داگیریانكرد، دوای سێ ساڵ و له‌ سه‌رده‌می حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوی عیراق، له‌ ساڵی 2017 كۆتایی هاتنی ئه‌و رێكخراوه‌ راگه‌یه‌ندراو سه‌رجه‌م ناوچه‌ ده‌اگیركراوه‌كانی له‌ژێر ده‌ست ده‌رهێنرایه‌وه‌.


PM:09:40:22/07/2019


ئه‌م بابه‌ته 2020 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت