فڕۆكه‌وانه‌ تایبه‌ته‌كه‌ دڵگرانە و دەڵێت قەزافی ئەوەندە خراپ نەبووە


وێستگه‌ نیوزـ 

جانهادی راتنۆمادیگا، تاكه‌ فڕۆكه‌وانی بیانیی ناو تاقمی فڕۆكه‌ی سه‌ۆكایه‌تیی سه‌رده‌می موعمه‌ر قه‌زافی بوو، ئه‌و فڕۆكه‌وانه‌ ده‌ڵێت قه‌زافی كه‌سێكی باش بووه‌ و خه‌ڵكی لیبیا له‌ سه‌رده‌می ئه‌ودا به‌خۆشی ده‌ژیان.

جانهادی به‌ ره‌چه‌ڵه‌ك ئیندۆنسییه‌ و ماوه‌ی 8 ساڵ كاپتنی فڕۆكه‌ تایبه‌ته‌كه‌ی موعه‌مه‌ر قه‌زافی، سه‌رۆكی كوژراوی لیبیا بووه‌، له‌ چاوپێكه‌وتنێكی ته‌له‌فزیۆنیشدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵێكی وڵاته‌كه‌ی ئاشكرایكردوه‌ كه‌ ساڵی 2002 له‌ ئیمارات  فڕۆكه‌وان بووه‌، به‌ڵام دواتر بۆ شه‌ش مانگ گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ لیبیا تا له‌وێ كار بكات.

فڕۆكه‌وانه‌كه‌ ده‌ڵێت: دوای كۆتایی هاتنی شه‌ش مانگه‌كه‌، به‌رپرسانی لیبیا پێیان وتوه‌ كه‌ قه‌زافی ده‌یه‌وێت بیكات به‌ فڕۆكه‌وانی تایبه‌تی خۆی، ئه‌ویش ئۆفه‌ره‌كه‌ی قبوڵ كردوه‌ و له‌گه‌ڵ دوو فڕۆكه‌وانی دیكه‌دا بووه‌ به‌ فڕۆكه‌وانی سه‌ره‌كیی فڕۆكه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی لیبیا.

میدیاكانی ئیندۆنیسیا ده‌ڵێن كه‌ هه‌رگیز له‌ مێژووی لیبیا رووی نه‌داوه‌ كه‌سێكی بیانی به‌و ئاسته‌ متمانه‌ی پێ بكرێت و بكرێته‌ یه‌كێك له‌ فڕۆكه‌وانه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی سه‌رۆك، خودی فڕۆكه‌وانه‌كه‌ش ده‌ڵێت كه‌ تائێستا نازانێت به‌ته‌واوی چی وای له‌ قه‌زافی كردوه‌ متمانه‌ی پێ بكات و بیكاته‌ فڕۆكه‌وانی تایبه‌تی خۆی.

جانهادی نیگه‌رانه‌ به‌رامبه‌ر كوشتنی قه‌زای له‌ ساڵی 2011 و ده‌ڵێت ئێستاش باوه‌ڕ به‌وه‌ ناكات كه‌ له‌ لیبیا رویدا، ئه‌وه‌شی گێڕاوه‌ته‌وه‌ كه‌ قه‌زافی ئه‌وه‌نده‌ کەسیكی خراپ و توند نه‌بووه‌ و هه‌ر وه‌ك كه‌سێكی ئاسایی بووه‌، له‌كاتی گه‌شته‌كانیشدا زۆرجار هاتوه‌ته‌ پێشوه‌ بۆلای تاقمی فڕۆكه‌كه‌ و قاوه‌ی له‌گه‌ڵدا خواردونه‌ته‌وه‌ و گفتوگۆی له‌گه‌ڵدا كردون، ده‌شڵێت: خه‌ڵكه‌ باشه‌كه‌ی لیبیا له‌ سه‌رده‌می قه‌زافیدا به‌خۆشی ژیاون.

فڕۆكه‌وانه‌ تایبه‌ته‌ ئیندۆنیسیه‌كه‌ی قه‌زافی شانازیش به‌وه‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌پای كاره‌كانی وه‌ك فڕكه‌وانی سه‌ره‌كیی سه‌ركرده‌ی وڵات، ساڵی 2005 "مه‌دالیای ئه‌رك" پێبه‌خشراوه‌ و شانازیشه‌ بۆ ئه‌و كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سه‌ بیانییه‌ ده‌گمه‌نانه‌ی ئه‌و مه‌دالیایه‌ی پێ به‌خشراوه‌.

هه‌ر له‌سه‌ر ساده‌یی و باشه‌كانی قه‌زافی ئه‌و فڕۆكه‌وانه‌ ده‌ڵێت: ساڵی 2006 كه‌ ژنی بۆ كوڕه‌كه‌ی هێناوه‌، ئاهه‌نگێكی له‌ شاری باندۆنگ له‌ نزیك دورگه‌ی جاوه‌ی خۆرئاوا سازكردوه‌، قه‌زافیش سه‌یفولئیسلام-ی كوڕی وه‌ك سوپرایز ناردوه‌ تا ئاماده‌ی زه‌ماوه‌نده‌كه‌ بێت.

موعەمەر ئەبو منیار قەزافی  له‌ 7ی حوزەیرانی 1942  لە ناوچەی جارف لە پارێزگای سرتی  لیبیا لە دایک بووە، لە ساڵی 1969ه‌وه‌ بوو به‌ سه‌رۆكی لیببا و لە مانگی شوباتی2009ش  بوو بە سەرۆکی نۆرەیی یەکێتی ئەفریقا. 

ئەگەرچی قەزافی ھیچ ناو یان نازناوێکی ڕەسمی نییە بەڵام وەک سەرۆکی مەجلسی شوورای شۆڕشی لیبیا لە قەڵەم ده‌درا.

لە بەھاری ساڵی 2001 خەڵکی لیبیا شۆڕشێکی چەکداری و خوێناویان دژی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی قه‌زافی و کەتیبەکانی ئەنجامدا و سەرەنجام لە 20ی تشرینی یه‌كه‌می 2011 لەلایەن خه‌ڵكی وڵاته‌كه‌یه‌وه‌ ده‌ستگیركرا و كوژرا.




PM:05:08:22/07/2019




ئه‌م بابه‌ته 4836 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت