نوسینگه‌ی‌ فاروقی مەلا مستەفا وەڵامی وتەکانی غالیب محەممەد دەداتەوە و دەیداتە دادگا


وێستگە نیوز-
نوسینگەی راگەیاندنی فاروقی مەلا مستەفا وەڵامی وتەکانی پەرلەمانتارەکەی گۆڕان دەداتەوە و دەشڵێت "لەسەر ئەو بوختان و سوکایەتیانەی کردویەتی سکاڵای لەسەر تۆمار دەکەین و دەیبەینە دادگا".

ئەمرۆ دوشەممە نوسینگەی راگەیاندنی فاروق هۆڵدینگ رونکردنەوەیەکی لەسەر وتەکانی غالیب محەممەد ئەندامی پەرلەمانی عیراق لەفراکسیۆنی گۆڕان بڵاوکردەوە کە ناوبراو فاروقی مەلا مستەفای بە داگیرکردنی ٧٩ دۆنم زەوی لە ناوچەی تانجەرۆی شاری سلێمانی بۆ دانانی سیستەمی ریسایکلین تۆمەتبارکردبو، وەباسی لەوەشکردبو فاروقی مەلا مستەفا دەبێت لەپای ئەو "داگیرکاری"یەی بخرێتە زیندانەوە.

نوسینگەی راگەیاندنی فاروق هۆڵدینگ لە رونکردنەوەیەکدا رایگەیاندوە "ھاوڵاتییان و ڕای گشتی ئاگادار دەکەینەوە کە تەواوی زانیارییەکانی غالب محمد عەلی دەربارەی پرۆژەی ریسایکلینی تانجەرۆ لە سلێمانی لەبارەی ھەڵوێست و بەرپرسیارێتی فاروق ھۆڵدینگ و شەخسی بەڕێز فاروق مەلا مستەفا لەو پرۆژە ھاوبەشەدا ناڕاست و ھەڵبەستراون و ناوبراو یەکەم جاری نییە کە ھەوڵ دەدات لە سومعە و گەورەیی فاروق ھۆڵدینگ و خاوەنەکەی کەم بکاتەوە کە ھەرگیز سەرکەوتوو نابێت".

دەربارەی چۆنیەتی دەستپێکردن بە پڕۆژەکە نوسینگەی ناوبراو ئاماژەی بەوەداوە "ئێمە بۆ مێژوو رایدەگەیەنین کە پرۆژەکە لە ساڵی ٢٠١٣ بوو بە کۆنتراکت و ئیمزا کرا بەڵام مۆڵەتی وەبەرھێنانەکەی لەلایەن حکومەتەوە دواکەوت تا ساڵی ٢٠١٥ واتە دوو ساڵ دواکەوت و سەرەتا پرۆژەکە ھاوبەش بوو  لە نێوان فاروق ھۆڵدینگ و کۆمپانیای لافارجی فەرەنسی بە پاڵپشتی دامەزراوەی پارەدانی نێودەوڵەتی IFC و حکومەتی ھەرێم بەڵام کاتێک داعش ھاتە عێراق و دۆخی ئارامی و سەربازی و ئابوری وڵات تێکچوو، لافارج و IFC  ترسان لەو دۆخە و پەشیمان بوونەوە و  ھۆشداریاندا کە ناتوانن سەرمایەگوزاری لە عێراق بکەن وەک ناوچەی جەنگ. بەڵام دواتر بە مەرج رەزامەندبوونەوە کە کارەکە بکەن ئەوەبوو داوای زەمانەت لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان کرا و ئەو داوایەش لە لایەن حکومەتی ھەرێمەوە دواکەوت و ئیتر پرۆژەکە پەکی کەوت".

نوسینگەکە باسی لەوەشکردوە "سەرباری قورسی پرۆژەکە لە رووی تێچوون و زۆری بودجەوە، فاروق ھۆڵدینگ لە سۆنگەی خەمخۆری بۆ شاری سلێمانی و ژینگەو ژیانی ھاوڵاتیان، لە بەرواری ٢٠١٨/٧/٢٩  و بە تەنھا و بە بودجەی خۆی رەزامەندی حکومەتی ھەرێمی وەرگرت بە کڕینەوەی پشکەکانی لافارج و بڕیاری دا دەست بکات بە جێبەجێکردنی پرۆژەی ریسایکلینی تانجەرۆ لە سلێمانی کە بە وەبەرھێنانێکی قازانج نەویست سەیری دەکەین و لە ئێستادا ھەموو ئامێر و دەزگا و مەشینەکان لە ئەوروپا لە ھەردوو وڵاتی ئیسپانیا و ئەڵمانیا کڕدراون و بەمزوانە دەگەنە سلێمانی و ھاوکات لە ئێستادا پرۆژەکە بە بەردەوامی کاری تێدا دەکرێت و بڕیارە لە مانگی چواری ساڵی ٢٠٢٠ تەواو ببێت و تەنانەت راکێشانی جادەو کارەبا و خەدەمات بەشێکی لەسەر ئەرکی کاک فاروق مەلا مستەفا جێبەجێ دەکرێت چونکە حکومەتی ھەرێم نەیتوانی بە تەنھا ئەو کارە بکات".

لە بەردەوامی رونکردنەوەکەدا نوسینگەی راگەیانی فاروق هۆڵدینگ وتوشیەتی "پرۆژەکە وەک ھەموو پرۆژەکانی تری فاروق ھۆڵدینگ بە پێشکەوتووترین تەکنەلۆژیای ئەوروپی جێبەجێ دەکرێت پسپۆڕانی وڵاتی ئیسپانیا و ئەڵمانیا  جێبەجێکارن و بە تەواوبوونی ئەم پرۆژە ستراتیژییە، زبڵ بە گشتی و خاشاکی ماڵان و پاشماوەی کارگە پیشەسازییەکان  بە شێوازی زانستی و ژینگەیی چارەسەردەکرێن کە لە ساڵێکدا دەگاتە 400 هەزار تۆن و لەگەڵ ئەوەی کە سوتاندنی خاشاک چیتر هەوای شارەکەمان پیس ناکات و رێژەی گازی CO2  زۆر کەم دەبێتەوە و تەندروستیی گشتیش پێش دەکەوێت ، لە هەمان کاتدا ناوچەی تانجەرۆ دەکەینە دارستان و سەوزایی وپاشماوە ئۆرگانییەکانیش دەگۆڕین بۆ وزەی دۆستی ژینگە".

لەکۆتایی رونکردنەوەکەیدا فاروق هۆڵدینگ راشیگەیاندوە "سوورین لەسەر زوو تەواوکردنی چونکە  راستەوخۆ پەیوەندی بە ژیان و تەندروستیی هاونیشتمانیانەوە هەیە و ئێمە رایدەگەیەنین کە سەرلەبەری پرۆژەکانی فاروق ھۆڵدینگ بۆ خزمەتی وڵاتە کە تەنھا یەک دینار وەبەرھێنانی لە دەرەوەی وڵات نییە و بۆیە ناوبراو و ئەوەشی کە لە پشتەوە ھانی دەدات بۆ ئەم  لێدوانە ناڕاستانە ھەر پەشیمان دەبنەوە چونکە حەقیقەت وەک رۆژی رووناک دەدرەشێتەوە و لێدوانە ناڕەوایانەی غالب محمد علی کە پڕە لە  تەشھیر کردن و زانیاری بێ بنەما ، ناوبراو دەخاتە بەردەم لێپێچینەوەی یاسایی و رێکاری یاساو دادگا بەرامبەری دەگیرێتە بەر".

هەروەها فاروق هۆڵدینگ کۆپی ئەو دۆکیومێنت و نوسراوە رەسمییانەیەی بڵاوکردووەتەوە کە باس لە رێککەوتنەکانی کۆمپانیای فاروق هۆڵدینگ و ئەو کۆمپانیانەی دیکە دەکەن لەسەر پڕۆژەکە".

ئەوەش دوای ئەوە دێت کە پیشتر غالیب محەممەد رایگەیاندبو "فاروقی مەلا مستەفا ٧٩ دۆنم زەوی وەرگرتووە بۆ پڕۆژەی ریسایکلینی سلێمانی و لە ئێستاشدا تەلبەندی کردوە و داگیریشیکردوە و ناشهێڵیت ئەو پڕۆژەیە تەواو بکرێت و کەسیش ناوێرێت لێپرسینەوە لەگەڵ بکات چونکە ناوبراو پشتگیری دەکرێت لەلایەن حزبێکی دیاری کراوەوە".

هەروەها باسی لەوە کردوە "دەبێت فاروقی مەلا مستەفا دەستگیربکرێت لەپای ئەو ریگریانەی لەو پڕۆژەیە کردویەتی
هــ. ب 


PM:01:07:22/07/2019










ئه‌م بابه‌ته 17960 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو