ئاشتی هەورامی بووە ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری وزە


وێستگە نیوز-
ئاشتی هەورامی، وەزیری پێشووی سامانە سرووشتیەکان لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بووە راوێژکاری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری وزە.

بەپێی فەرمانێکی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئاشتی هەورامی لە کابینەی نۆیەمدا کراوە بە  یاریدەدەری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ کاروباری وزە.

لە فەرمانەکەی سەرۆکوەزیراندا راگەیاندراوە "بڕیاردرا بە راسپاردنی عەبدوڵڵا عەبدولڕەحمان عەبدوڵڵا، ناسراو بە ئاشتی هەورامی، بە پۆستی یاریدەدەری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری وزە".

ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێشتر وێستگە نیوز ئاشکرایکردبو کە ئاشتی هەورامی وەزیری پێشووی سامانە سروشتییەكان وەك راوێژكاری مەسرور بارزانی لەبواری وزەدا كار دەكات".

بەپێی ئەو فەرمانەی کە مەسرور بارزانی دەریکردوە دەسەڵاتەکانی یاریدەدەری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ کاروباری وزە دیاریکراوە، کە بریتییە لە:

1. بەدواداچووانی جێبەجێکردنی بڕیار و راسپاردە و سیاسەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان - عیراق لە بواری نەوت و غاز، بەپێی مادەی شەشەم لە یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستان – عێراق، ژمارە 22 ساڵی 2007 بەراوێژ لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران.

2. پێشکەشکردنی راسپاردە بە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران لە بواری وزەدا

3. هەماهەنگیکردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی بواری وزە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان – عێراق

4. بەئەنجامگەیاندنی ئەو ئەرکە تایبەتانەی لەلایەن سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پێی رادەسپێردرێت لە بواری وزەدا

5. ئامادەبوونی لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی هەرێمی نەوت و غاز بەپێی مادەی چوارەم لە یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستان – عێراق ژمارە 22 ساڵی 2007 ، داڕشتنی بەرنامەی کۆبوونەوەکان.

ئەم دەسەڵاتانە بە پێی مادەی شەش و مادەی چواری یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستان پێی دراون.

لە مادەی شەشی یاساکەدا هاتووە:

یەکەم: رێکخستن و سەرپەرشتیکردنی پرۆسەکانی نەوت، داڕشتن و رێکخستن و چاودێریکردنی سیاسەتی پرۆسەکانی نەوت، سەرباری رێکخستن و پلاندانان و پیادەکردن و سەرپەرشتیکردن و پشکنین و وردبینی بۆ جێبەجێکردنی هەموو پرۆسەکانی نەوت. هەروەها بە بازاڕکردنی نەوت. 

دووەم: گفتوگۆکردن و ئەنجامدانی رێککەوتنامەکان و جێبەجێکردنی هەموو مۆڵەتەکان لەوانەش ئەو گرێبەستە نەوتیانەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامی دابێت. 

هەروەها بە پێی خاڵی هەژدەیەم لە مادەی یەکەمی یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستان، پرۆسەکانی نەوت ئەمانە دەگرێتەوە: بەدواداگەڕان و دۆزینەوە بە مەبەستی پەرەپێدان، بەرهەمهێنان، بەبازاڕکردن، عەمبارکردن، گواستنەوە، پاڵاوتن، فرۆشتن و بەرهەمهێنانی نەوت یان بنیاتنان و دانان و دامەزراندنی هەر هەیکەلێکی دەزگاکان و مەکینەکان بۆ مەبەستی ئاماژەبۆکراو، دواکۆتاییهێنان بە مۆڵەت و یان لابردنی هەر یەکێک لەو هەیکەل و دامەزراو و بیناکان.

ئەم فەرمانە لە رۆژی 15ی تەمووز دەرکراوە بە واژۆی مەسروور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و هەر لە رۆژی دەرچوونیشەوە جێبەجێ دەکرێ.
 
هــ. ب



AM:11:10:21/07/2019






ئه‌م بابه‌ته 2144 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت