حه‌شدی شه‌عبی: داعش به‌نیازه‌ قافڵه‌ی حاجیان بكاته‌ ئامانج

‌قافڵەیەکی حاجیانی عیراق

وێستگه‌ نیوزـ

لیوایه‌كی سه‌ربه‌ حه‌شدی شه‌عبی هۆشداریی دا له‌ پیلانێكی چه‌كدارانی رێكخراوی داعش كه‌ به‌نیازن قافڵه‌ی حاجیانی عیراق بكه‌نه‌ ئامانج، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش حه‌شدی شه‌عبی داوای هێزی زیاتری كردوه‌.

عه‌قیدی خانه‌نشین، عه‌بدولئیلا محه‌مه‌د، وته‌بێژی فیرقه‌ی عه‌باس له‌ لیوای 26ی حه‌شدی شه‌عبی له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند كه‌ به‌پێی زانیارییه‌كانی به‌رده‌ستیان چه‌كدارانی داعش به‌نیازن له‌ رێگه‌ی ده‌روازه‌ی سنوریی عه‌رعه‌ر، قافڵه‌ی ئه‌و حاجیانه‌ بكه‌نه‌ ئامانج كه‌ رێگای وشکانیدا هاتوچۆ ده‌كه‌ن.

راشیگه‌یاندوه‌ كه‌ ئێستا هه‌ریه‌ك له‌ فه‌رمانده‌یی پرۆسه‌ سه‌ربازییه‌كانی ناوه‌راست و پارێزگای ئه‌نبار به‌ درێژایی 200 كیلۆمه‌تر چوارگۆشه‌ سنوره‌كانیان به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی زرێپۆشی گه‌وره‌ و هێزی بژارده‌ و نهێنی و ئه‌ركه‌ تایبه‌ته‌كان پاراستووه‌.

به‌ڵام وته‌بێژه‌كه‌ داوای هێزی یه‌ده‌كی و پشتیوانیی كرد بۆ ئه‌وه‌ی نزیكه‌ی 100 كیلۆمه‌تری دیكه‌ له‌ رێگه‌ی ده‌روازه‌ی عه‌رعه‌ر له‌ هه‌ر هێرشێكی چاوه‌ڕوانكراوی داعش بۆسه‌ر قافڵی حاجیان زامن بكه‌ن.

به‌ڕێكردنی قافڵه‌ی حاجیانی عیراق له‌ وشكانییه‌وه‌ و به‌ رێگه‌ی ناوچه‌ی نوخه‌یب بۆ ده‌روازی سنوریی عه‌رعه‌ر له‌سه‌ر سنوری سعودیه‌، به‌رده‌وامه‌ و رێگه‌كه‌ به‌ هێزێكی زۆر له‌ سوپای عیراق و پۆلیس و حه‌شدی شه‌عبی، ده‌پارێزرێت.


PM:04:26:20/07/2019


ئه‌م بابه‌ته 2304 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت