پارتی ژماره‌یه‌ك پۆست له‌ موسڵ وه‌رده‌گرێت


وێستگە نیوز ـ
سەرۆكی فراكسیۆنی برایەتی و پێكەوەژیان لە ئەنجومەنی پارێزگای موسڵ رایده‌گه‌یه‌نێت، پارتی لەناو پارێزگای موسڵ 21 پۆست وەردەگرێت و سیڤیی سەرجەم كاندیدانیشی پێشكەش كردوە و چاوەڕێ دەكرێت ئەم ھەفتەیە پۆستەكان وەربگیرێن.


بەرەكات شەمۆ، سەرۆكی فراكسیۆنی برایەتی و پێكەوەژیان لە ئەنجومەنی پارێزگای موسڵ، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاند: "پارتی دیموكراتی كوردستان لە پارێزگای موسڵ 21 پۆستی بەڕێوەبەری گشتی و جێگری بەڕێوەبەر و چەند پۆستێكی دیكەش لەناو دیوانی پارێزگا و ژمارەیەكی بەڕێوەبەری بەشەكانیش وەردەگرێت، لەوانە بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی موسڵ و بەڕێوەبەری ئاو و بەڕێوەبەری كشتوكاڵ و جێگری بەڕێوەبەری گشتی وەبەرھێنان و جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردە و جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیس وەردەگرین".

شەمۆ وتیشی: "بەڕێوەبەرە گشتییەكان پێویستە لە ئەنجومەن پەسەند بكرێن و ئەوانەی دیكەش فەرمانی دەستبەكاربوونیان لە پارێزگا دەردەچێت و لە چوار بەڕێوەبەری گشتی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی بەر ئێمە كەوتووە و سێ كاندیدمان پێشكەش كردووە و پشتگیری لە یەكێك دەكەین، ئەویش ئێستا جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستییە و سیڤیی سەرجەم پۆستەكانی دیكەش پێشكەش كراون و چاوەڕێ دەكرێت ئەم ھەفتەیە سەرجەم پۆستەكان وەربگرینەوە".

ناوبراو دەشڵێت، "بڕیار بوو ھەفتەی ڕابردوو پۆستی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی لە ئەنجوومەن پەسەند بكرێت، بەڵام سیڤیی كاندیدەكان دواكەوت،  بۆیە ئەم ھەفتەیە ئەو پۆستە یەكلایی دەكرێتەوە".

هــ. ر


PM:12:25:20/07/2019


ئه‌م بابه‌ته 7840 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو