نه‌وه‌ی نوێ: پاراستنی سه‌لامه‌تی دیبلۆماتكاره‌كان ئه‌ركی حكومه‌تی هه‌رێمه‌


وێستگه‌ نیوز ـ
جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، پاراستنی‌ سەلامەتی‌ گیان و ئاسایشی‌ نوێنەرو دیبلۆماتکارو رێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی ناو هەرێمی کوردستان بەئەرکی‌ حکومەت و دەزگا ئەمنییەکانی‌ هەرێمی‌ کوردستان دەزانێت.


لە راگەیەندراوێکیدا جوڵانەوەی نەوەی‌ کە ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی تەمموزی 2019، بڵاویکردەوە و رایگەیاند: "وێڕای‌ ئیدانەکردنی‌ ئەو رووداوە، وەک جوڵانەوەیەکی‌ مەدەنی‌ باوەڕمان بە سەقامگیری‌ سیاسی‌ و ئەمنی‌ هەیە تا دەگاتە سەقامگیری‌ ئابووری، کە لە کۆتاییدا گوزەرانی‌ هاوڵاتیان بەو سەقامگیرییە ئەمنی و سیاسیە باش دەبێت، ھاوکات پێمان وایە هەمو هێرشێکی چەکداری و بەتایبەت ئەو جۆرە رووداوانە جگە لە زیانگەیاندن و دروستکردنی‌ گرژی‌ و ئاڵۆزی‌ زیاتر لەناوچەکەدا، کە خۆی‌ بەگرژییەکی‌ زۆردا تێدەپەڕێت، شتێکی‌ تری‌ لێ ناچنرێتەوە و هاوکات هەموو هێرشێک بۆ سەر نوێنەرانی وڵاتان و بیانییەکان و کونسوڵ و دیبلۆماتکارەکان ئیدانە دەکەین".

جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە بەیاننامەکەدا پێی وایە ئەم کارە پێشینەیەکی خراپە و رەنگە ببێتە هۆکارێک کە لە داهاتوودا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و وەبەرهێنانی بیانی لە کوردستان دوربکەونەوە، کە ئەمەش جگە لە خراپتربوونی دۆخی‌ ئابوری، وا دەکات چاودێری نێودەوڵەتی لەسەر دەسەڵاتی کوردی کەمتر بێتەوە، هەموو ئەمانەش دژ بە تێڕوانین و ستراتیژی نەوەی نوێیە.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا جوڵانەوەی‌ نەوەی‌ نوێ جەختیکردووەتەوە، پاراستنی‌ سەلامەتی‌ گیان و ئاسایشی‌ نوێنەرو دیبلۆماتکارو رێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی ناو هەرێمی کوردستان بەئەرکی‌ حکومەت و دەزگا ئەمنییەکانی‌ هەرێمی‌ کوردستان دەزانێت.

هاوکات کاری‌ حکومەتی‌ هەرێم و دەزگا پەیوەندیدارەکانە کە ساڵانە بودجەیەکی گەورە بۆ مەلەفی ئەمنی تەرخان دەکەن و چەندین دەزگای ئەمنییان هەیە،کاریان ئەوەیە کە لێکۆڵینەوەی‌ وردو خێرا لەو رووداوەی‌ ئەمڕۆی‌ شاری‌ هەولێر بکەن و بکەران بدۆزنەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە پاشنیوەڕۆی‌ ئەمڕۆ تەقە لە ریستۆرانتێکی‌ هەولێر کرا کە کارمەندانی‌ کونسوڵخانەی‌ تورکیای‌ تێدابووە، ئاسایشی هەولێریش رایگەیاند، بەهۆی رووداوەکەوە کارمەندێکی‌ کونسوڵخانەکە و هاوڵاتییەک کوژرا و یەکێکی‌ دیکەش برینداربووە، كه‌ دواتر برینداره‌كه‌ش به‌هۆی سه‌ختی برینه‌كه‌یه‌وه‌ گیانی له‌ ده‌ستدا.

هــ. ر


PM:11:56:17/07/2019


ئه‌م بابه‌ته 1964 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو