سه‌ركه‌وت شه‌مس: دواجار باڵێكی پارتیش هاته‌ سه‌ر ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی به‌غدا چاره‌سه‌ره‌

‌سەرکەوت شەمس

وێستگه‌ نیوز ـ

په‌رله‌مانتارێكی فراكسیۆنی ئاینده‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق باس له‌ سه‌ردانه‌كه‌ی دوێنێی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا دەکات و رایدەگەیەنێت، کە دواجار باڵێکی پارتیش هاتە سەر ئەو بڕوایەی کە بەغدا چارەسەرە.


سەرکەوت شەمس، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی ئایندە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت: "ستراتیژیترین هەنگاو ئەوەیە حکومەتی هەرێم لەگەڵ عیراق باشترین پەیوەندی هەبێت لەسەر بنەمای دەستوور، ئەوەش لە بەرژەوەندی هاوڵاتیانی هەرێمە".

دەشڵێت: "جگە لەم هەنگاوە، هەر هەوڵێک بۆ پەراوێزخستنی رۆڵی عیراق و تەسلیمکردنی کوردستان بە وڵاتانی دراوسێ هەم خیانەتە لە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و هەم خیانەتەلە دەستوور".

سەرکەوت شەمس ئاماژەی بەوەشکردووە کە، "گرنگە ئەگەر درەنگیش بێت پارتی (وەک هێزی یەکەمی پێکهێنەری حکومەت، نەک پارتی وەک حزب) پاش ئەو هەموو ساڵە ملهوری و تاڵانکارییەی نەوتی هەرێم دواجار بێتە سەر ئەو بروایەی ئێمە کە بەغدا چارەسەرە نەک ئەنقەرە و تاران، ئایندەی ئەم هەرێمە لە بەغداوە و بە بەشداری خۆمان دیاری دەکرێت، نەک دواتر بەسەرمانا بسەپێنرێت".

روونیشیکردووەتەوە: هەرێمی کوردستان لە سەرجەم دامەزراوەکانی دەوڵەتی فیدراڵ نوێنەری هەیە و خاوەن بریارە و بێ نوێنەرانی هەرێمی کوردستان بەغدا بەزۆرینە بریار نادات، بەڵام نە لە ئەنقەرە و نە لە تاران هەرێم هیچ کاریگەرییەکی بەسەر بریارەوە نیە و تەنیا بریاری بەسەردا دەسەپێنرێت.

دوێنێ سێشه‌ممه‌ 16ی ته‌مموزی 2019، شاندی باڵای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم و قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم، گه‌یشتنه‌ به‌غدا و له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆك وه‌زیران و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق كۆبوونه‌وه‌.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كان ئامانج له‌و سه‌ردانه‌ رێككه‌وتنی نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێم و عیراقه‌ له‌سه‌ر كێشه‌كان و دانانی رێوشوێنی ورد و پێویست بۆ چاره‌سه‌ریان.

گرنگترین ئه‌و كێشانه‌ی له‌ نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا هه‌ن بریتین له‌مانه‌ی خواره‌وه‌.

1. پرسی هه‌نارده‌ و به‌ڕێوه‌بردنی كه‌رتی نه‌وت و گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كان و ده‌ركردنی یاسای نه‌وت و غاز.

2. پرسی بودجه‌ و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان.

3. كێشه‌ی كه‌ركوك و ناوچه‌ كوردستانییه‌كان و جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140.

4. بودجه‌ و چه‌ك بۆ پێشمه‌رگه‌ وه‌ك به‌شێك له‌ سیسته‌می به‌رگری عێراق.

5. دروستكردنی ئه‌نجوومه‌نی فیدراڵی.

6. پشكی كورد له‌ سوپا و دامه‌زراوه‌كانی عیراق، راگرتنی ته‌واوفق و ته‌وازن له‌ داموده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت.

هــ. ر


PM:07:21:17/07/2019


ئه‌م بابه‌ته 1924 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو