عادل عه‌بدولمه‌هدی به‌یاننامه‌یه‌كی له‌سه‌ر سه‌ردانه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی بڵاوكرده‌وه‌

‌عادل عەبدولمەهدی و مەسرور بارزانی

وێستگه‌ نیوزـ

سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق رایگه‌اند كه‌ حكومه‌تی فیدڕاڵ پێشوازی له‌ كه‌شی هاوكاری و لێكگه‌یشتن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.

نوسینگه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند: ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 16ی ته‌مموزی 2019، سه‌رۆك وه‌زیران له‌ نوسینگه‌ی فه‌رمیی خۆی چاوی به‌ مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم و شاندی یاوه‌ری كه‌وتوه‌.

راشیگه‌یاندوه‌ كه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی پیرۆزبایی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی هه‌رێمی كوردستان و هه‌ڵبژاردنی مه‌سرور بارزانیی به‌ سه‌رۆكی حكومه‌ت كردوه‌.

له‌ به‌شێكی به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌: سه‌رۆك وه‌زیران جه‌ختی كردوه‌ته‌وه‌ كه‌ حكومه‌تی فیدڕاڵ پێشوازی له‌ كاری هاوبه‌ش و لێكگه‌یشتن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌ته‌ خۆجێییه‌كان ده‌كات بۆ ئه‌نجامدانی كاری هاوبه‌ش و چاره‌سه‌ركردنی سه‌رجه‌م كێشه‌كان له‌ژێر سه‌قفی ده‌ستور و یه‌كڕیزیی گه‌ل و وڵات و به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌موان.

به‌پێی به‌یاننامه‌كه‌، له‌ به‌رامبه‌ریشدا، مه‌سرور بارزانی پرۆشیی خۆی بۆ سه‌ردانكردنی به‌غدا وه‌ك یه‌كه‌م وێستگه‌ی دوای وه‌رگرتنی پۆسته‌كه‌ی ده‌ربڕیووه‌ و جه‌ختی له‌وه‌ش كردوه‌ته‌وه‌ كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم ئاماده‌یه‌ بۆ كار و هاوكاریی هاوبه‌ش و پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدڕاڵ له‌پێناو چارسه‌ركردنی سه‌رجه‌م پرسه‌ هه‌ڵواسراوه‌كان به‌پێی ده‌ستور.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 16ی ته‌مموزی 2019، شاندی باڵای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم و قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم، گه‌یشتنه‌ به‌غدا و له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆك وه‌زیران و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق كۆبوونه‌وه‌.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كان ئامانج له‌و سه‌ردانه‌ رێككه‌وتنی نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێم و عیراقه‌ له‌سه‌ر كێشه‌كان و دانانی رێوشوێنی ورد و پێویست بۆ چاره‌سه‌ریان.

گرنگترین ئه‌و كێشانه‌ی له‌ نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا هه‌ن بریتین له‌مانه‌ی خواره‌وه‌.

1. پرسی هه‌نارده‌ و به‌ڕێوه‌بردنی كه‌رتی نه‌وت و گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كان و ده‌ركردنی یاسای نه‌وت و غاز.

2. پرسی بودجه‌ و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان.

3. كێشه‌ی كه‌ركوك و ناوچه‌ كوردستانییه‌كان و جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140.

4. بودجه‌ و چه‌ك بۆ پێشمه‌رگه‌ وه‌ك به‌شێك له‌ سیسته‌می به‌رگری عێراق.

5. دروستكردنی ئه‌نجوومه‌نی فیدراڵی.

6. پشكی كورد له‌ سوپا و دامه‌زراوه‌كانی عیراق، راگرتنی ته‌واوفق و ته‌وازن له‌ داموده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت.


PM:07:11:16/07/2019






ئه‌م بابه‌ته 6800 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو