پەرلەمانتارێکی پارتی هۆکاری دەنگنەدانی بە قوباد تاڵەبانی ڕوندەکاتەوە

‌قوباد تاڵەبانی لەکاتی سوێندخواردنی بۆ پۆستی جیگری سەرۆکی کابینەی نۆی حکومەت

وێستگە نیوز-

پەرلەمانتارێکی سەر بە فراکسێۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند "بەڵێ بەڕاشکاوی دەیڵێین بەشێکمان دەنگمان نەدا بە قوباد تاڵەبانی"ٚ.

په‌رله‌مانتارێكی پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ نه‌یویست ناوی ئاشكرا بكرێت به‌ وێستگه‌ نیوز-ی راگه‌یاند: هۆكاری ده‌نگنه‌دانیان به‌ قوباد تاڵه‌بانی به‌ پۆستی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ دانیشتنه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی په‌رله‌ماندا، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی یه‌كێتی له‌ ده‌نگدانی سه‌رۆكی هه‌رێمدا كێشه‌یان بۆ نێچیرڤان بارزانی دروستكرد و بایكۆتی دانیشتنه‌كه‌یان كرد.

په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان، كه‌ داوای له‌ وێستگه‌ نیوز كرد ناوی بپارێزرێت، وتیشیی: له‌به‌ر ئه‌وه‌ به‌شێكمان كۆك بووین له‌سه‌ر ه‌وه‌ی ده‌نگ به‌ قوباد تاڵه‌بانی بۆ پۆستی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت نه‌ده‌ین.

په‌رله‌مانتاره‌كه‌ رونیشیكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ راسته‌ قوباد تاڵه‌بانی به‌ ده‌نگی ئێمه‌ بوو به‌ جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت، به‌ڵام وه‌ك سزایه‌ك بۆ یه‌كێتی و ده‌نگنه‌دانی یه‌كێتی به‌ سه‌رۆكی هه‌رێم، ده‌نگه‌كانمان له‌ قوباد تاڵه‌بانی كه‌مكرده‌وه‌ و نه‌مانهێشت ده‌نگه‌كانی نزیك ده‌نگی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌ت ببێته‌وه‌.

په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان باسی له‌وه‌شكرد: وه‌ك چۆن یه‌كێـی پلانی ئه‌وه‌ی هه‌بوو له‌ ده‌نگدان به‌ سه‌رۆكی هه‌رێمدا ده‌نگی به‌ نێچیرڤان بارزانی نه‌دا، ئێمه‌ش پلانی ئه‌وه‌مان جێبه‌جێ كرد كه‌ نه‌هێڵین قوباد تاڵه‌بانی ده‌نگێكی زۆر له‌ دانیشتنه‌كه‌دا بهێنێت.

وتیشی: ئێمه‌ وه‌ك پارتی دیموكراتی كوردستان زۆرینه‌ی په‌رله‌مانین و به‌ده‌ست پارتییه‌ كێ ده‌نگی زۆر بهێنێ و كێ ده‌نگی زۆر نه‌هێنێت.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 10ی حوزه‌یرانی 2019، کۆبونەوەی پەرلەمانی کوردستان بۆ دەنگدان بە سەرۆک و جێگری سەرۆک و سەرجەم وەزیرەکانی کابینەی نۆهەمی حکومەتی هەریمی کوردستان بەڕێوەچوو، له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا متمانه‌ به‌ مه‌سرور بارزانی، وه‌ك سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم و قوباد تاڵه‌بانی، وه‌ك جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت و سه‌رجه‌م وه‌زیره‌كانی كابینه‌كه‌ی حكومه‌ت درا.

له‌ دانیشتنه‌كه‌ی ئه‌مڕۆدا پێنج په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنه‌ جیاوازه‌كان به‌شدارییان نه‌كرد و چه‌ند په‌رله‌مانتارێكی دیكه‌ش لە فراکسیۆنەکانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتوی ئیسلامی و حزبی شیوعی ده‌نگ و متمانه‌یان به‌ كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت نه‌دا.

رۆژی سێشەممە 28ی ئایاری 2019، بە دەنگدان لە پەرلەمانی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی به‌ ده‌نگی 68 په‌رله‌مانتار بە سەرۆکی نوێی هەرێمی کوردستان هەڵبژێردرا، به‌ڵام هه‌ریه‌ك فراكسیۆنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ به‌شداریی دانیشتنه‌كه‌یان نه‌كرد و چه‌ند په‌رله‌مانتارێكی فراكسیۆنه‌كانی دیكه‌ش ده‌نگیان پێ نه‌دا.

دوای كۆتایی هاتنی پرۆسه‌ی ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم، مه‌حمود محه‌مه‌د، وته‌بێژی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان رونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: بەداخەوە برادەرانی یەكێتی بەبێ ڕەچاوكردنی بارودۆخی هەستیاری هەرێم و بە پشتگوێخستنی چاوەڕوانییەكانی خەڵكی كوردستان و ئیرادەی گەل، پشتیان لە ڕێككەوتنەكان كرد و ئامادەی دانیشتنی پارلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم نەبوون، هەروەكچۆن پێشتریش پشتیان لە ڕێككەوتن كرد و بەشداری كۆبوونەوەی 18ی شوباتی 2019ی پارلەمانی كوردستان نەبوون.

وته‌بێژی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی وتیشی: بەداخەوە پشتكردنی برایانی یەكێتی لە ڕێككەوتنەكان و هەوڵدان بۆ كاتكوشتن لە چەند مانگی ڕابردوو ئەو گومانەیش دروست دەكات كە هەر لە سەرەتاوە ئەوان ئامانجیان بووە كە پڕۆسەی سیاسیی دوا بخرێت و پەك بخرێت و بە ئەنجام نەگات.

دوای رونكردنه‌وه‌كه‌ی وته‌بێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەتیف شێخ عومەر، وته‌بێژی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان رونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند: سیاسەتی پەراوێزخستن و خۆسەپاندن لەپاڵ و لەژێر چەتری زۆرینەی پەرلەمانیدا نامانگەیەنێتە پێكهاتن و رێككەوتن.

رۆژی دووشەممە 10ی حوزەیرانی 2019، له‌ مه‌راسیمێكدا كه‌ له‌ هۆڵی سه‌عد عه‌بدوڵا له‌ شاری هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چووه‌، نێچیرڤان ئیدریس بارزانی سوێندی یاسایی لە بەردەم دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و پەرلەمانتارانی پەرلەمانی کوردستان خوارد و بووە دووه‌م سەرۆکی هەرێمی کوردستان.

له‌ مه‌راسیمه‌كه‌دا مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و د.به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عیراق و به‌رپرسانی دیكه‌ی به‌غدا و به‌رپرسانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و زیاتر لە هەزار و 200 سەرکردەی سیاسی کوردستانی و عیراقی و جیهانی ئاماده‌بوون.


PM:02:59:10/07/2019


ئه‌م بابه‌ته 28780 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت