لە گوندێکی سەنگاو لەسەر كێشەی زەویوزار دوو کەس كوژران


وێستگه‌ نیوز ـ
لە گوندی هەزاركانی سەر بە شارۆچکەی سەنگاو دوو بنەماڵە، كە خزمی یەكدی بوون، دەبێتە دەمەقاڵەیان و لە ئەنجامدا شه‌ڕ درووست ده‌بێت و دوو كەس كوژراون.


رەمەك رەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ لە شوێنی رووداوەكەوە بە وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: كاتژمێر پێنج-ی ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ دوو بنەماڵەکە لەسەر كێشەی زەویوزار بووەتە دەمەقاڵەیان، دواتر تەقەیان لە یەكدی كردووە و لە ئەنجامدا لە هەر لایەكیان كەسێك کوژراوە.

دوو كوژراوەکە تەمەنیان لەنێوان 30 بۆ 35 ساڵاندا بووە، هەردووکیان دانیشتووی گوندی هەزاركانی و خزمی یەكدی بوون.

قایمقامی چەمچەماڵ وتیشی: "ئێستا ئێمە لەگەڵ هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش بۆ ئاساییكردنەوەی ئاڵۆزی نێوانیان لەوێین. بە هاوكاری خەڵكی ناوچەكە دۆخەکە کۆنترۆڵکراوە و کێشە نەماوە".

سەنگاو چەند كیلۆمەترێك لە قەزای چەمچەماڵەوە دوورە. گوندی هەزاركانی یەكێكە لەو گوندانەی سەر بە شارۆچکەی سەنگاوە، كە دانیشتووانەكەی سەرقاڵی ئاژەڵدارین.

هــ. ر


PM:09:49:09/07/2019


ئه‌م بابه‌ته 20676 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو