ئەمریکا هەڕەشەی سزای زیاتر بەسەر ئێران دەکات


وێستگە نیوز-

راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا هەڕەشەی سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات.

جۆن بۆڵتن، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا رایگەیاندوە "وڵاتەکەی بۆ دوو مەبەست، گوشارەکانی بۆ سەر ئێران زیاد دەکات، کە بریتین لە وەستاندن و لەناوبردنی بەرنامەی دروستکردنی چەکی ناوکی و راگرتنی کردە تیرۆریستییەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست".

جۆن بۆڵتن ئاماژەی بەوەداوە "باوەڕی هەیە کە ئەو سزایانایە وڵاتەکەی سەپاندویەتی بەسەر ئیێران کاریگەری دەبێت و ئەو سزایانەی ئێستا تەنیا سەرەتای سزاکانن، سزای زیاتر بۆ سەر ئێران بەڕێوەیە".

ئەوەش دوای ئەوە دێت کە شەوی 8/5/2018، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ناوکیی ئێران ووڵاتانی پێنج + یەک، واژۆ کرد و ئێستاش زیاتر لە ساڵێکە پەیوەندییەکانی تاران و واشنتن گەیشتوونەتە خراپترین ئاست و ئەمریکا ژمارەیەک سزای بەسەر ئێراندا سەپاندووە.

دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتننامەی ناوکی و سەپاندنی چەندین سزا بەسەر ئێران، دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی لە هەموو ئەو وڵات و لایەنانە کرد، کە یان دەبێ بچنە بەرەی ئێران یاخود پابەندی سزاکانی ئەمریکا بن بەسەر ئێران.

رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک لە سەرەتای نیسانی 2015 لە شاری لۆزان لە سویسڕا واژۆ کرا، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە ئێران دەستبەرداری دروستکردنی چەکی ناوکی دەبێت و ئەمریکاش سزاکانی لەسەر ئەو وڵاتە سووک دەکات.

وڵاتانی پێنج + یەک بریتین لە پێنج وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی (ئەمریکا، فەرەنسا، رووسیا، بەریتانیا و چین) و ئەڵمانیا پێک دێت.

هــ. ب


AM:09:33:09/07/2019


ئه‌م بابه‌ته 2680 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت