بڕیاری بەخشینی کۆئەندامی زیندانیانی لەسێدارەدراو لە ئێران دەبێتە جێی مشتومڕ


وێستگە نیوز-
بڕیاری بەرپرسی دەزگای دادوەری ئێران بۆ ڕێگەدان بە بەخشینی کۆئەندامی لەشی ئەو زیندانیانەی کە سزای مەرگ دەدرێن ناڕەزایەتی زۆری لێ کەوتۆتەوە.

ئیبراهیم ڕەئیسی بەرپرسی دەزگای دادوەری ئێران ڕایگەیاندوە "ڕێگە دەدرێت بە بەکارهێنانی کۆ ئەندامی ئەو زیندانیانەی کە سزای مەرگ یان بڕینی کۆئەندامیان بەسەردا سەپێندراوە بەو مەرجەی زیندانییەکە خۆی بەوە ڕازیبێت".

هاوکات کۆمەڵێک لە پزشکان و پارێزەرانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاندووە "ئەو بڕیارە دژی پرنسیپەکان مافەکانی مرۆڤ و یاسا نێونەتەوەییەکانە".

هەروەها دکتۆر عەلی جەعفەریان بەرپرسی کۆمەڵەی پزشکانی نەشتەرگەری باسی لەوە کردوە "لەگەڵ ئەوەی ئەم بڕیارە بڕیارێکی گونجاو نییە دەشبێتە هۆی ئەوەی کولتوری بەخشینی کۆئەندامی لەش لە ئێراندا بخاتە مەترسییەوە".

دکتۆر عەلی جەعفەریان ئەوەشی وتوە "پزشکەکان بە هیچ شێوەیەک ئەم شتە قبوڵ ناکەن و ئامادە نین کۆئەندامی لەشی کەسێکی لەسێدارە دراو بۆ چاندن بەکاربهێنن".

هــ. ب



AM:10:15:07/07/2019


ئه‌م بابه‌ته 1964 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت